Accessibility links

چین پێشوازیی لە دان بەخۆداگرتنی پاکستان دەکات لە ململانێکانی لەگەڵ هیندستاندا


چین پێشوازیی لە دان بەخۆداگرتن و ئامادەیی پاکستان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هیندستاندا بەمەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

پاکستان ڕووبەڕووی فشارێکی نێودەوڵەتی بۆتەوە تاوەکو ڕێوشوێن بگرێتەبەر سەبارەت بە گروپە تیرۆریستییەکان کە لە هیندستان هێرش ئەنجام دەدەن، یەکێک لەو گروپانە سوپای محەمەدە کە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی 14 ی مانگی دووی ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەمەوە 40 سەربازی هیندستان.

ئەو هێرشەش بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان، هەروەها ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی لێکەوتەوە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا کە هەردووکیان خاوەنی جەکی ناوەکین.

دوای ئەوەی پاکستان فڕۆکەوانە هیندییەکەی ئازاد کرد وەکو ئاماژەیەک بۆ ئاشتی، گرژیەکانی نێوانیان کەمێک هێوربۆوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی چین کۆنگ شوان یو لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ پاکستان وتی پەکین و ئیسلام ئاباد لە هەموو بارودۆخێکدا دوو هاوبەشی ستراتیژین و هەمیشە هاریکاری یەکتری دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە زاری کۆنگەوە بڵاویکردەوە " چین گرنگییەکی زۆر دەدات بەم بارودۆخەی ئێستای پاکستان و هیندستان و پێشوازیی لە دان بەخۆداگرتنی پاکستان دەکات و لە هەموو باروۆخێکدا ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ هیندستاندا بکات."

کۆنگ وتی چین جەخت دەکاتەوە لە ڕێزگرتن لە سەروەری و ئاسایشی هەموو وڵاتان و نایەوێت هەندێک ڕەفتار ببینێت کە لەگەڵ بەهاکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا یەک ناگرنەوە.

وتی " داوا لە پاکستان و هیندستان دەکەین چیتر هەنگاو نەنێن بەرەو خراپترکردنی ڕەوشەکە و نیازپاکی دەربخەن و بەزووترین کات گفتوگۆکانی نیوان دەست پێبکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG