دەزگاکانی ڕاگەیاندنی چین بڵاوییان کردەوە سەرۆکی چین شی جین پینگ لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵدا هیوای خواستووە ئەوروپا " هەوڵی ئەرێنی لەگەڵ چیندا بدات."، ئەمەش دوای ناکۆکییە نێودەوڵەتیەکان لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی چین لەگەڵ موسوڵمانەکانی ویگۆر و کەمینەکانی دیکەی شینگیانگدا.
ئەمەش یەکەمین پەیوەندیی تەلەفونی شییە بە سەرۆکێکی ئەوروپاوە دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو ئەوروپا سزای سەپاند بەسەر چیندا و چینش بە هەمان شێوە وەڵامیدایەوە، سزاکانی ئەوروپاش بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە بوو لە ناوچەی شینگیانگ لەلایەن چینەوە، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی زۆر لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و یەکێتی ئەوروپادا.
دەزگای هەواڵی شینخوا لە زاری شییەوە بڵاویکردەوە " پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەوروپا ڕووبەڕووی بەربەستێکی نوێ بۆتەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی دیکەشدا." ئاماژەشی بەوەدا سەرۆکی چین داوای لە یەکێتی ئەوروپا کردووە " بەشێوەیەکی ڕاست و سەربەخۆ بڕیار بدەن."
چین بە نیگەرانییەوە چاودێری هەوڵەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانەکانی، لەنێویشیاندا ئەوروپا، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین و بەرگریکردن لە سیستمی دیموکراسی ئازاد.
دەزگای هەواڵی شینخوا وتی شی بە مێرکڵی وتووە " گرنگە درک بە ئاڕاستە گشتیەکە بکەین بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان چین و یەکێتی ئەوروپا، ئەوەش لەڕووی ستراتیژی و ڕێزگرتن لە یەکتر و ڕێگە نەدان بە دەستوەردانەوە دەبێت."
سەرۆکی چین وتیشی " پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوان چین و ئەڵمانیا - چین و یەکێتی ئەوروپا دەکرێت ئامانجی زۆر مەزن بپێکێت، هیوادارم ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا هەوڵی ئەرێنی لەگەڵ چیندا بدەن تاوەکو ڕوونیی و سەقامگیری زیاتر بۆ ئەم جیهانە زیاد بکەین کە بەردەوام لە گۆڕاندایە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس