Accessibility links

سەرۆکی دەزگای چەکی کیمیایی لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی سوریادا کۆدەبێتەوە

ئاژانسی هەوالی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە کە سەرۆکی دەزگای ڕێگریکردن لە چەکی کیمیایی نێودەوڵەتی ڕۆژی شەممە لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی سوریادا کۆدەبێتەوە.

دووان لە سەرچاوەکان وتییان بەڕێوبەری گشتی دەزگاکە کە دەزگایەکی قازانج نەویستی نێودەوڵەتییە، فێرناندۆ ئاریاس، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع و وەزیری دەرەوەی سوریا حەسەن ئەلشیبانیدا کۆببێتەوە، ئەمەش لە ئاماژەیەکدا لەسەر ئارەزووی سوریا بۆ هاریکاریکردن لەگەڵ دەزگاکەدا، دوای چەندین ساڵ لە گرژی لە نێوان دەزگاکە و ڕژێمە دوورخراوەکەی بەشار ئەسەددا.

ڕووخانی لە ناکاوی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە مانگی دوانزەدا ئومێدێکی دروست کرد لەسەر ئەوەی وڵاتەکە دەکرێت لە کۆتاییدا چەکە کیمیاییەکانی لە ناوبەرێت.

دوابەدوای بەکارهێنانی گازی سارین لە ساڵی 2013 دا کە بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس، سوریا پەیوەندی بە دەزگای ڕێگریکردن لە چەکی کیمیاییەوە کرد، ئەوەش لە ژێر ڕێککەوتنێکی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیادا، 1300 مەتر تەن لە چەکی کیمیایی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە ناوبران.

لە چوارچێوەی ئەندامێتیدا لە دەزگاکەدا، دەبووایە لە دیمەشق پشکنین بۆ چەکی کیمیایی بکرایە، بەڵام زیاتر لە 10 ساڵە دەزگاکە ڕێگەی پێنەدراوە بزانێت بەڕاستی قەبارەی بەرنامەی چەکی کیمیایی سوریا چەندە.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ دەزگاکەدا لەسەر ئەو چەکە کیمیاییانەی کە هێشتا لە سوریادا ماونەتەوە، وەزیری نوێی بەرگری وڵاتەکە مورهاف ئەبو قەسرە لە مانگی یەکدا بە ڕۆیتەرزی وت " لەو باوەڕەدا نیە " کە بەرنامە کیمیاییەکەی سوریا بە باشی مابێتەوە.

وتی " تەنانەت ئەگەر شتێکیش مابێتەوە، لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە بۆردومان کراوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد بۆ سەر سوریا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG