ڕەمەزان قەدیرۆڤی سەرۆکی کۆماری چیچانی ڕوسیا وتی ئامادەیە بۆ دەست لەکارکێشانەوە و کرێملن ئێستا دەتوانێت جێگرەوەیەک دەستنیشان بکات.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ قەدیرۆڤیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دەستگیرکردنی ڕکابەرەکانی بەشێوەیەکی دەمارگیری و ئەشکەنجەی داون و لێبووردەیی نەبووە بەرامبەر کەمینەکان و لێدوانی سیاسیی توندی داوە کە بۆتە هۆی ناشرین دەرکەوتنی کرێملن.
قەدیرۆڤ تەمەنی 41 ساڵە و باوکی 12 منداڵە و حەزی لە ئەسپ و زۆرانبازی و بۆکسێن هەیە.
قەدیرۆڤ یەکێک بوو لە چەکدارە ئیسلامییەکان و لە ساڵی 2007 ەوە سەرکردایەتی چیچان دەکات و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە ساڵی ڕابردوودا بەردەوامبوونی لەپۆستەکەی پەسەند کرد.
قەدیرۆڤ کاتێک پرسیاری لێکراو کە ئایا ئامادەیە بۆ دەست لەکارکێشانەوە ، وتی " دەتوانین بڵێین ئەوە خەونی منە."
قەدیرۆڤ بە کەناڵی ڕوسیا 1 وت " ڕۆژێک لە ڕۆژان پێویستیەک هەبوو لەسەر کەسانی وەکوو من بۆ شەڕکردن و یاسا چەسپاندن. ئێستا یاسا و خۆشبەختیمان هەیە و کات هاتووە بۆ گۆڕانکاری لە کۆماری چیچاندا."
کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کێ دەبێتە جێگرەوەی، قەدیرۆڤ وتی " ئەوە کاری سەرکردەکانی وڵاتە."
وتیشی " ئەگەر لێم بپرسی.. ئەوا خەڵکانێک هەن دەتوانن لە %100 ئەم کارە بەتەواوەتی ئەنجام بدەن،" ئەم لێدوانەی قەدیرۆڤ چاوەڕوان نەکراو بوو لەکاتێکدا چاوەڕواندەکرێت پوتن بۆ چوارەم جار خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕوسیا.
سەرچاوە/VOA