Accessibility links

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی چیچان ڕادەگەیەنێت


زنجیرەیەک هێرشی چەکداری داعش دوو ناوچەی کۆماری چیچانی ڕووسیای گرتەوە و لە ئاکامدا پـۆلیسێک و چەکدارێک کوژراون و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون.

ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا دەڵێن ئەمڕۆ دووشەممە بە لایەنی کەم 3 هێرشی تێرۆرستی کراون کە ئامانجیان هێزەکانی ئاسایش بووە لە چیچان.

دەڵێن لە شەڕە تەقەیەکدا لە نێوان هێزەکانی پـۆلیس و چەکداران لە گرۆزنی پایتەخت پـۆلیسێک و چەکدارێک کوژراون و چەکدارێکی دیکە دەسـتگیرکراوە. هەروەها خۆکوژێک بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو هەوڵی داوە خۆی بە خاڵێکی پشـکنیندا بتەقێنێتەوە، بەڵام بۆمبەکان نەتەقیونەتەوە و بە ئۆتۆمبیلەکەی ژمارەیەک پـۆلیسی کردووە بە ژێرەوە و 3 پـۆلیس برینداربوون. لە بنکەیەکی پـۆلیسی شاری شالی 2 هێرشبەر بە چەقۆ کوژراون. خۆکوژێکیش خۆی بە خاڵێکی پشـکنینی ئەو شارەدا تەقاندووەتەوە و لە ئاکامدا 2 پـۆلیس و کەسێکی سیڤیل برینداربوون.

ڕەمەزان قەدیرۆڤ سەرۆکی چیچان لەم بارەیەوە لەسەر تلگرامەکەی نووسیویەتی" هیچ گومانێکم نیـیە لەوەی کۆمەڵێک هەرزەکار کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانەوە لە ژێر کاریگەری داعشن لە پشت ئەو هێرشانەوەن."

داعشیش لە ڕێگەی میدیاکەی بە ناو ئەعماق بەرپـرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند و نووسیویەتی چەکدارەکانی هێرشیان کردووەتە سەر پـۆلیسی چیچانی لە گرۆزنی و شالی و ماسکیریۆرت.

XS
SM
MD
LG