Accessibility links

پـرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار مەدالیاکەی لێدەدزرێت


ئەو پـرۆفیسۆرە کوردەی مەدالیای نۆبڵ بۆ بیرکاری ساڵی 2018 ی بردەوە، لە میانەی مەراسیمی بەخشینی مەدالیاکە لە شاری ڕیۆ دی جانێرۆی بەڕازیل لێی دزرا.

بەپـێی ڕێکخەرانی مەراسیمەکە فەرەیدون درخشانی ناسراو بە کۆچەر بیرکار خەڵاتەکەی وەرگرتووە و خستویەتە جانتاکەیەوە، بەڵام دواتر هەستی کردووە جانتاکەی دیارنەماوە و دەستبەجێ هێزەکانی پـۆلیسی لە شوێنی مەراسیمەکە ئاگادارکردووەتەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە هەوڵی دۆزینەوەی جانتاکەیان داوە و دواتر جانتاکەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام نە مەدالیاکە و نە جزدانەکەی تێدا نەماوە.

کاربەدەستانی ئاسایش بە کامێراکانی چاودێری چوونەتەوە و لە ئێستادا گومانیان لە دوو کەس هەیە.

ڕێکخەرانی مەراسیمەکە دووچاری شەرمەزاریـیەکی زۆربوون و لای خۆیانەوە داوای لێبوردنێکی زۆریان کردووە.

مەدالیاکە 14 قیرات ئاڵتونی تێدایە و مەزەندە دەکرێت بەهاکەی نزیکەی 4 هەزار دۆلار بێت.

پـرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار لە ڕاپـۆرتێکدا لە بارەی ژیانی و گەیشتن بەم خەڵاتە دەدوێت و دەڵێت "هیوادارم ئەم خەڵاتە خەندە بخاتە سەر لێوی 40 ملیۆن کورد."

پـرۆفیسۆر کۆچەر خەڵکی شاری مەریوانە و لە ئێستادا لە زانکۆی کامبرێجی بەریتانیا مامۆستایە.

مەدالیای نۆبڵ بۆ بیرکاری کە خەڵاتی فیڵدزە، هەموو چوار ساڵێک جارێک دەدرێت بە دوو یان سێ یان چوار زانای بواری بیرکاری کە تەمەنیان خوار 40 ساڵەوە بێت.

ڕاپـۆرتێک لە بارەی پـرۆفیسۆر کۆچەر ببینە.

XS
SM
MD
LG