Accessibility links

چالاکوانانی کەتەلۆنی ژمارەیەک جادەی هەرێمەکەیان دەبڕن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دادگاییکردنی ڕێبەرانیان


چالاکوانانی کەتەلۆنی ژمارەیەک جادەی سەرەکی و هێڵی شەمەندەفەری هەرێمەکەیان بۆ ماوەیەکی کاتی بڕی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر دادگاییکردنی 12 لە ڕێبەریان لە لایەن حکومەتی ناوەندی ئیسپانیاوە بە تۆمەتی هەوڵی جیاکردنەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا.

سەدان کەتەلۆنی ئەمڕۆ پـێنجشەممە نزیکەی 20 جادەی سەرەکی و دوو هێڵی شەمەندەفەری نێوان هەرێمی کەتەلۆنیا و فەڕەنسایان بڕی، بەڵام هێزەکانی پـۆلیس گەیشتنە سەریان و پـێکدادان ڕووی دا و لە ئاکامدا 22 کەس برینداربوون کە شەشیان پـۆلیسن.

هاوکات هەر بۆ هەمان مەبەست زیاتر لە هەزار خۆپـیشاندەر لە گۆڕەپانی زانکۆی بەرشلۆنە گردبوونەوە و ئاڵای سەربەخۆیی هەرێمەکەیان دەشەکاندەوە.

ڕۆژی شەممەش نزیکەی 200 هەزار کەس ڕێپـێوانێکیان لە ناوجەرگەی بەرشلۆنەی پایتەختی هەرێمی کەتەلۆنیا ئەنجام دا و دروشمێکیان بەرزکردبووەوە کە لەسەری نووسرابوو"چارەی خۆنووسین تاوان نیـیە."

لە 12 ی مانگی دووەوە دادگاییکردنی ئەو 12 سەرکردە کەتەلۆنیـیە لە دادگای باڵای ئیسپانیا لە مەدریدی پایتەخت دەستیپێکرد، لەوانە ئۆریۆل جونکیراس جێگری سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا کە داواکاری گشتی ئیسپانیا تۆمەتێکی ئاڕاستەکردووە ڕەنگە سزاکەی بگاتە 25 ساڵ زیندانی.

جێی ئاماژەیە لە 1 ی مانگی دەی ساڵی 2017 هەرێمی کەتەلۆنیا بەبێ ڕەزامەندی مەدرید ڕیفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا و ڕێژەی بەشداری تیایدا گەیشتە نزیکەی 42% و زیاتر لە 90%ی بەشداربووان دەنگیان دا بۆ سەربەخۆیی، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا بە توندی لە دژی بوون و بە یاخیبوون و هەوڵی جوداخوازی ناودێریانکرد.

XS
SM
MD
LG