Accessibility links

دادوەرێکی ئیسپانیا فەرمانی دەسـتگیرکردنی 8 لە ئەندامانی حکومەتە لەکارخراوەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا دەدات


پـێنج کاربەدەستی پـێشووی هەرێمی کەتەلۆنیا لەو کاتەی ڕۆژی پـێنجشەممە ڕێکەوتی 2 ی مانگی یازدە بەرەو دادگای مەدرید دەچوون بۆ دادگایی‌کردنیان.
پـێنج کاربەدەستی پـێشووی هەرێمی کەتەلۆنیا لەو کاتەی ڕۆژی پـێنجشەممە ڕێکەوتی 2 ی مانگی یازدە بەرەو دادگای مەدرید دەچوون بۆ دادگایی‌کردنیان.

دادوەرێکی ئیسپانیا فەرمانی کرد 8 لە ئەندامانی حکومەتە لەکارلابراوەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا دەسـتگیربکەن، تاوەکو لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو هەوڵانەی دابوویان بۆ سەربەخۆیی هەرێمەکەیان.

دادوەرەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بڕیاری دەسـتگیرکردنەکەی بۆ ئەو کاربەدەستانەی پـێشوو دەرکرد. ئۆریۆل جونکیراس جێگری سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا یەکێکە لەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بۆ دراوە.

هەروەها وەزیرێکی پـێشوو کە بەر لەوەی پەرلەمان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت دەستی لە کارەکەی کێشابووەوە، ئەویش بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ درچووە، بەڵام دەتوانرێت بە کەفالەتی 50 هەزار یورو ئازادبکرێت.

هەر ئەمڕۆ داواکاری گشتی فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ کارلیس بیگدیمۆنت سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا دەرکرد لەگەڵ 4 لە ئەندامانی حکومەتە لەکارخراوەکەی، ئەمەش پاش ئەوەی ڕەتیانکردەوە ئامادەی بەردەم دادگاکە بن. لە ئێستادا هەر پـێنجیان لە وڵاتی بەلجیکان و فەرمانی دەستگیرکردنەکە لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپا ڕەوانەی دامودەزگاکانی بەلجیکا کراوە.

تۆمەتەکانی ئاڕاستەیان کراوە بریتیـیە لە نانەوەی فیتنە و یاخیبوون و خراپ بەکارهێنانی سەروەت و سامانی گشتی. ئەگەربێت و ئەم تۆمەتانەیان بەسەردا ساغبێتەوە، ئەوا لە نێوان 15 بۆ 30 سزای زیندانی دەدرێن.

کارمی فۆرکادیل سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا لە کاتی هاتنە دەرەوەی لە دادگا
کارمی فۆرکادیل سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا لە کاتی هاتنە دەرەوەی لە دادگا

هاوکات کارمی فۆرکادیل سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا و 5 ئەندام پەرلەمانی دیکە، ئەوانیش لە بەردەم دادگای باڵا ئامادەبوون، بەو پـێـیەی پەرلەمانتارن و تایبەتمەندی خۆیان هەیە.

هەرچەندە پارێزەرانی پەرلەمانتارەکان داوایان کردبوو دانیشتنەکەیان بۆ ماوەیەکی درێژ دوابخرێت، بەڵام دادگاکە بڕیاری دا 9 ی مانگ دانیشتنی داهاتووبێت.

XS
SM
MD
LG