Accessibility links

کارلا دی پـۆنتێ: ڕژێمی ئەسەد و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە بەرەی خراپـکاراندان


کارلا دی پۆنتێ
کارلا دی پۆنتێ

داواکاری گشتی پێشوی تاوانەکانی جەنگ ئەوەی بۆ ماوەی 5 ساڵ ئەندامێکی پانێڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ تۆمارکردنی پێشێلکاریـیەکانی میانەی جەنگی نێوخۆی سوریا ، وا دەست لەو کاردەکێشێتەوە. دەشڵێت ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئێستا بریتیە لە کەسانی توندڕەو و تێرۆرست.

کارلا دی پۆنتێ سەرۆکی پێشوی دادی سویسری ئەوەی پێشتر پۆستی داواکاری گشتی لە دادگای نێونەتەوەی بۆ تاوانەکانی جەنگی بەڕێوەدەبرت بۆ کەیسەکانی رواندا و یوگسلاڤیا ، دوێنێ یەکشەممە گوتی چێتر من ناتوانم ببمە بەشێک لەو کۆمسیۆنەی کە هیچ کارێک ئەنجام نادات.

خانم کارلا گوتیشی "من واز لە ئەندامێتی کۆمسیۆنەکە دەهێنم چونکە هیچ پشتیوانییەکی سیاسی نیـیە و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش نایانەوێت دادوەری بەرقەرار بێت."

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەرەتادا لایەنی باش و خراپ لە سوریادا هەبوو ، ئۆپۆزیسیۆن لایەنی باشەکە بوو ، حوکمەتی سوریاش رۆڵی خراپی دەگێڕا، بەڵام لە ئێستادا هەموو لایەنەکان لە سوریا لەبەرەی خراپدان، حکومەتی بەشار ئەسەد تاوانی قێزەونی لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، هەروەها چەکی کیمیایی بەکار هێنا، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی سوریا ئێستا هەمووی توندڕەو و تێرۆرستن.

گوتیشی" بڕواپـێبکەن هەرگیز تاوانی قێزەوەنی وەکو ئەوانەی لە سوریا کراون نەمدیوە نە لە ڕوەندا و نە لە یزگسلاڤیای جاران."

جێی ئاماژەیە ئەم لێدوانەی خانم کارلا دی پۆنتێ لەلایەن گۆڤاری بلیکی سویسرییەوە بڵاوکراوەتەوە.

کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەکان لە تاوانەکانی جەنگ ی سوریا لە مانگی هەشتی ساڵی 2011 وە کاری کردوە ، واتا بە چەند مانگێک دوای ناڕەزاییە ئاشتیانەکەی لە دژی بەسار ئەسەدی سەرۆکی سوریا بەرپابوو، بەڵام حکومەتەکەی بەشار ئەسەد رێوشوێنی توندی گرتەبەر بەرامبەر خۆپیشاندانە ئاشتیانەکە ودواتر گۆڕدرا بۆ جەنگی نێو خۆی سوریا ، ئەو جەنگەی کە مەزەندە دەکرێت هەتا ئێستا کوژرانی پتر لە 400 هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە ، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی5.2 ملیۆن هاوڵاتی سوریایی ئاوارەی وڵاتان بوون و هەروەها پتر لە 6 ملیۆن سوریای ئاوارەی نێوخۆی وڵات بوون.

XS
SM
MD
LG