Accessibility links

ترودۆ دەڵێت گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئۆکرانیا بەشێکن لە تاوانەکانی جەنگی ڕووسیا


سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ دەڵێت ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی کە لە ئۆکرانیا دۆزراونەتەوە بەڵگەن لەسەر تاوانەکانی جەنگی ڕووسیا و لێپێچینەوەی تەواو لە کارەکانی لە ئۆکرانیا پێویستە.

ترودۆ کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی شاژنە ئەلیزابێس لە لەندەنە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا لیز ترەسدا کۆبۆتەوە و داگیرکاری ڕووسیا لە ئۆکرانیا بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیان بووە.

ترودۆ گوتی " بێگومان بەڕیتانیا و کەنەدا دوو وڵاتی بەهێز بوون لە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا و دژایەتیکردنی کارە نایاساییەکانی ڕووسیا."

گوتیشی" ئەو کارانە بە شێوەیەکی بەرچاو و ڕوون تاوانی جەنگیش دەگرنەوە، تاوانی نا پەسەند دەگرنەوە، کاتێک بیر لەو گۆڕە بە کۆمەڵانە دەکەینەوە کە لە بوچا دۆزرانەوە یاخود ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی لە ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیادا دۆزراونەتەوە."

هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیان 440 تەرمییان لە ناوچە دارستانەکانی نزیک شارۆچکەی ئیزیۆمی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دۆزیوەتەوە، شارۆچکەیەک کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە گیرایەوە. وتیشی زۆرینەی مردووەکان هاوڵاتی مەدەنی بوون و هێشتا هۆکاری مردنەکانیان نەزاندراوە. کرێملن لێدوانی لەسەر دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان نەداوە، بەڵام مۆسکۆ چەند جارێک ئاماژەی بەوەداوە کە بە مەبەست هێرشی نەکردۆتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و کاری دڕندانەی ئەنجام نەداوە.

ترودۆ گوتی " پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی گونجاو و ڕاشکاوانە ئەنجام بدرێت و سەرۆک ڤلادیمیر پوتن و لایەنگرانی و سوپای ڕووسیا دەبێت بە بەرپرس دابندرێن لەو کارە دڕدانانەی کە لە ئۆکرانیا ئەنجامییان داون و بەردەوامیشن لە ئەنجامدانیان."

ترودۆ گوتیشی کەنەدا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی یارمەتییەکان و بە بەهێزییەوە پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG