کەنەدا دەڵێت وڵاتەکە بە بڕی 47 ملیۆن دۆلاری کەنەدی یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا تەرخان دەکات، یارمەتییەکان بریتی دەبن لە فیشەکی تۆپهاوێژەکان و پەیوەندییەکانی مانگە دەستکردەکان و جلوبەرگی زستانە و کامێرای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کۆمەڵێک یارمەتی دیکە.
وەزیری بەرگری کەنەدا ئانیتا ئانانس یارمەتییە سەربازییەکانی ڕاگەیاند کە لەسەر ئەو 600 ملیۆن دۆلارە کەنەدییە بونیادنراوە کە کەنەدا لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا بۆ بەخشین تەرخانی کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە زیاتر لە 50 وڵاتی ڕۆژئاوا کۆبوونەوە و بەڵێنیاندا چەک بدەن بە ئۆکرانیا، بە تایبەتی سیستمی بەرگری ئاسمانی، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا لە سەرەتای داگیرکارییەکەیەوە تاوەکو ئێستا گەورەترین هێرشی موشەکی کردە سەر شارەکانی ئۆکرانیا، بە کیێڤی پایتەختیشەوە.
ڕۆژی دووشەممە هێرشەکانی ڕووسیا کە زیاتر لە 100 موشەکی تیادا بەکارهات بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 26 هاوڵاتی مەدەنی لە شارەکانی ئۆکرانیادا.
ئاناند وتی یارمەتییەکان کەلوپەلی سەربازی هێزە چەکدارەکانی کەنەداشیان تێدا دەبێت کە بەهاکەیان دەگاتە 15.2 ملیۆن دۆلاری کەنەدا، لەوانەش تەقەمەنی 155 ملم ستانداردی ناتۆ بۆ تۆپهاوێژەکان، فیوز و پێداویستی هاویتزەری ئێم 777.
هەروەها 4000 پارچە جلوبەرگی زستانەش لە خۆدەگرێت کە بەهاکەیان دەگاتە 15 ملیۆن دۆلاری کەنەدی، هاوکات کامێرای تایبەتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیشی تێدا دەبێت کە بەهاکەی دەگاتە 15.3 ملیۆن دۆلاری کەنەدی.
ڕۆژی سێشەممە کەنەدا ڕایگەیاند 40 ئەندازیاری سەربازیی دیکە دەنێرێت بۆ یارمەتیدانی هەوڵەکانی پۆڵەندا بۆ پێدانی مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز