Accessibility links

کەنەدا: بەهۆی هێرشێکەوە بە چەقۆ 10 کەس کوژران و 15 کەسی دیکە برینداربوون


بەیانی زووی ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکدا بە چەقۆ لە ناوچەیەکی کەنەدا کە زۆرینەی خەڵکەکەی دانیشتووە ڕەسەنەکانن 10 کەس کوژران و لانیکەم 15 کەسی دیکە برینداربوون.

هێرشەکان لە 13 شوێندا ئەنجامدراون و لە مێژووی نوێی کەنەدادا یەکێکن لە کوشندەترین کۆمەڵکوژییەکان.

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ لە بەیاننامەیەکدا گوتی " توشی سەرسوڕمان بووم بەو هێرشە ترسناکەی ئەمڕۆ، ئێمە وەکو کەنەدییەکان لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کە بەم توندوتیژییە دڵتەزێنەوە زیانییان بەرکەوتووە و لەگەڵ خەڵکی ساسکاچیواندا ماتەمینی ڕادەگەیەنین."

پۆلیس ناوی دوو گومانلێکراوەکەی ئاشکرا کرد، دامییان ساندەرسنی تەمەن 31 ساڵ و مایڵز ساندەرسنی تەمەن 30 ساڵ، وێنەی دوو گومانلێکراوەکەی بڵاوکردۆتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەیان سەبارەت بە پاڵنەری هێرشەکە و قوربانییان بڵاونەکردۆتەوە.

ڕابەری دانیشتووە ڕەسەنەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا ڕەنگە هێرشەکان پەیوەست بووبێتن بە دەرمانەوە.

فیدراسیۆنی وڵاتانی گەلانی ڕەسەنی سەروەر کە گروپێکە و نوێنەرایەتی 74 گەلی ڕەسەنی ساسکاچیوان دەکات لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمە ئەو وێرانکارییەیە کە ڕووبەڕووی دەبینەوە کاتێک دەرمانی نایاسایی زیانبەخش دێتە ناو کۆمەڵگەکانمانەوە."

پۆلیس وتی دوو گومانلێکراوەکە ئوتومبێلێکی ڕەشی نیسان ڕۆگیان پێبووە و لە شاری ڕێجینا بیندراون، نزیکەی 320 کم لە باشووری جەیمس سمیث کریی نەیشن و گوندی وێڵدۆنەوە کە لەو شوێنانە هێرشەکان ئەنجامدراون.

ئەفسەری فەرماندەی پۆلیسی ساسکاچیوان ڕۆندا بلاکمۆر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " وادەردەکەوێت هەندێک لە قوربانییەکان بە ئامانج کرابێتن، هەندێکی دیکەیان کوێرانە کوژراون، لەبەر ئەوە زۆر قورسە لەم ساتەدا بزانیت پاڵنەری هێرشەکان چی بووە. "

پۆلیس گوتیشی ڕەنگە برینداری دیکەش هەبووبێتن کە خۆیان ڕۆیشتبێتن بۆ نەخۆشخانەکان.

جەیمس سمیث کریی نەیشن کۆمەڵگەیەکی دانیشتوانە ڕەسەنەکانە و نزیکەی 3400 دانیشتووی هەیە، زۆرینەیان خەریکی جوتیاری و ڕاوکردن و ڕاوە ماسین. گوندی وێڵدنیش نزیکەی 200 کەسی تێدا دەژی.

دانیشتوانە ڕەسەنەکەی کەنەدا کەمتر لە سەدا 5 ی دانیشتوانە 38 ملیۆنەکەی وڵاتەکە پێکدەهێنن و ڕووبەڕووی هەژارییەکی توند و بێکاری بوونەتەوە و لە کەنەدییەکانی دیکەش کەمتر دەژین.

ترودۆ گوتی حکومەتەکەی ڕاستەوخۆ لە پەیوەندییدایە لەگەڵ سەرکردایەتی جەیمس سمیث کریی نەیشندا و " ئامادەین بە هەر شێوەیەک بتوانین یارمەتیدەر بین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG