Accessibility links

کەنەدا هەوڵ دەدات ڕێگەیەک بدۆزیتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێکی چەک لەگەڵ سعودیـیە


سەرۆک وەزیری کەنەدا دەڵێت وڵاتەکەی هەوڵ دەدات ڕێگەیەک بدۆزیتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستێکی چەک لەگەڵ عەرەبستانی سعودیـیە، هەرچەندە کارێکی قورسە.

جەستن ترودو لە چاوپـێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لە گەناڵی CTV گوتی بەهای گرێبەستەکە 15 ملیار دۆلاری کەنەدیـیە و حکومەتی پـێشوو کە کۆنەپارێزەکان سەرۆکایەتیان دەکرد ئەو گرێبەستەیان لەگەڵ سعودیـیەکان مۆرکردووە. گوتیشی زۆر قورسە کەنەدا بتوانێت بەبێ ئەوەی پارە بە سعودیـیەکان بدات لە گرێبەستەکە بکشێتەوە.

بەپـێی گرێبەستەکە ئەگەربێت و کەنەدا لێی بکشێتەوە، ئەوا دەبێت زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری کەنەدی بدات بە عەرەبستانی سعودیـیە.

گرێبەستەکە لە ساڵی 2014 وە مۆرکراوە بۆ فرۆشتنی زیاتر 700 ماشێنی زرێپـۆش جۆری LAV 6 بە سعودیـیە، ئەمەش گەورەترین گرێبەستی فرۆشتنی چەکی کەنەدیـیە لە مێژوودا. بڕیارە کۆمپانیای General Dynamic Land Systems بەو کارە هەستێت.

جێی ئاماژەیە لەوەتای کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەوانی سعودی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ، حکومەتی کەنەدا کەوتووەتە بەر فشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە سعودیـیە.

جەستن ترودو لە چاوپـێکەوتنە تەلەفیزیۆنیـیەکە گوتی کوشتنی ڕۆژنامەوانان بە هیچ شێوەیەک جێی قبوڵ نیـیە و هەر لە سەرەتاوە داوای ڕوونکردنەوەیان لە بارەی دیارنەمانی خاشقچی کردووە.

XS
SM
MD
LG