Accessibility links

پۆلیسی کەنەدا هەوڵی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی پایتەخت دەدات


ڕۆژی شەممە پۆلیسی کەنەدا هەوڵیدا ڕەوشی ئۆتاوای پایتەختی وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە باری ئاسایی خۆی، ئەوەش دوای ئەوەی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان و خۆپیشاندەران بۆ ماوەی سێ هەفتە ناوەڕاستی پایتەختیان گرت، خۆپیشاندانەکانیش وەکو ناڕەزایی دەربڕێنێکە سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڕۆژی هەینی هەوڵەکانی پۆلیسی شارەکە بۆ پاککردنەوەی شارەکە دەستیپێکرد و تاوەکو شەو بەردەوام بوون.

تاوەکو ئێستا چوار کەس لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستبەسەرکراون و زیاتر لە 100 خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون، هاوکات سەدان پۆلیس هێڵێکیان دروست کرد کە ئەسپ سواریشیان تێدا بووە و بە‌هێواشی پاڵیان بە خۆپیشاندەرەکانەوە دەنا تاوەکو دووربکەونەوە لە ئوتومبێلەکانیان.

ڕۆژی هەینی گرژییەکی زۆر هەبوو لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەرەکاندا، پۆلیس هەندێک لە خۆپیشاندەرانی لە ئوتومبێلەکانیانەوە ڕاکێشاوەتەوە دەرەوە، ئەوانی دیکەش کە ڕووبەڕووی پێشڕەوییەکانی پۆلیس بوونەتەوە و دەستگیرکراون.
پۆلیسی ئۆتاوا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا " خۆپیشاندەرەکان ڕەفتارێکی هێرشبەرانەیان پیشاندا و پۆلیسەکانیان ناچار کردووە بجوڵێن و بێنە ناوەوە تاوەکو بۆشایییەک دروست بکەن." وتیشی لەکاتێکدا ئەمە دەکرا کەسێک پاسکیلێکی گرتۆتە ئەسپێک و دواتر بە هۆکاری ئازاردانی ئاژەڵێكی خزمەتگوزاری پۆلیس دەستگیرکراوە.

سەرەتا خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی کەنەدا کرد فەرمانی وەرگرتنی ڤاکسین بە ناچاری هەڵبوەشێننەوە، کە بەسەر هەموو ئەو شۆفێرە بارهەڵگرانەدا سەپێندراوە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن، بەڵام دواتر خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و بووە هۆی ناڕەزایی دەربڕین دژی حکومەت و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ.

شۆفێرێکی بارهەڵگر وتی " داواکارییەکانمان بێ مانا نین. دەمانەوێت کۆتایی بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ و وەرگرتنی ڤاکسین بە ناچاری بهێندرێت." ئەم شۆفێرە چیتر ناتوانێت کار بکات لەبەر ئەوەی فەرمانی پێکراوە بە ناچاری ڤاکسین وەربگرێت، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە ڤاکسین وەربگرێت. ڕۆژی هەینی شۆفێرەکە بەڵێنیدا بارهەڵگرەکەی لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی وڵاتەکەدا بهێڵێتەوە و وتیشی چاوەڕێی کردووە دەستگیر بکرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG