Accessibility links

ماتەمینی سەرۆک وەزیری کەنەدا بۆ کوژرانی ژنە ڕۆژنامەوانێکی کەنەدی بە ڕەچەڵەک سۆماڵی


سەرۆک وەزیری کەنەدا ئەو هێرشە تێرۆرستیـیەی شەرمەزارکرد کە ڕۆژی شەممە لە شارێکی سۆماڵ ڕووی دا و بووە هۆی کوژرانی 26 کەس، لەوانە ڕۆژنامەوانێکی ژنی کەنەدی بە ڕەچەڵەک سۆماڵی.

جەستن ترودۆ لە بەیاننامەیەکدا بە ناوی هەموو کەنەدیـیەکان پـرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی هاوڕێ و کەسوکاری ڕۆژنامەوان هۆدان نالایـیە کرد کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لەو هێرشەی گروپی شەبابی سۆماڵی بۆ سەر هوتێلێک لە شاری کیسمایۆ کوژران.

گوتیشی خانم هۆدان نالایـیە لە کارەکانیدا تیشکی دەخستە سەر چیرۆکە ئەرێنیـیەکانی سۆماڵ، وە کارەکانی نیشانی دەدا چۆن ئازادی ڕۆژنامەگەری تێروانینی فراوانتر دەستەبەردەکات، بۆیە کەنەدا و کۆمەڵگەی سۆماڵی و ڕۆژنامەوانان لە سەرانسەری جیهان بۆ لەدەستدانی هۆدان بەداخن.

لە لایەکی دیکە ئەحمەد حسێن وەزیری کۆچبەری سۆماڵ کە ئەویش بە ڕەچەڵەک سۆماڵیـیە، ماتەمینی خۆی بۆ لەدەستدانی ڕۆژنامەوان هۆدان دەربڕی و ئاماژەی بۆ ڕۆڵی ئەو ڕۆژنامەوانە کرد لە نیشاندانی بەشداریـیەکانی ڕەوەندی سۆماڵی لە نێو کۆمەڵگەی کەنەدیدا.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی شەممە گروپی چەکداری سۆماڵی سەر بە ئەلقاعیدە هێرشیان کردە سەر هوتێلێک لە شاری کیسمایۆ کە لەوێ ژمارەیەک لە نوێنەران و سەرۆک خێڵەکان کۆدەبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی هەڵبژاردنە خۆجێـیەکانی بڕیارە لەم نزیکانە ئەنجام بدرێن.

کاربەدەستانی ئاسایشی سۆماڵی دەڵێن هێرشبەرەکان جلوبەرگی پـۆلیسیان پـۆشیبوو و سەرەتا ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراویان لە بەردەم هوتێلەکەدا تەقاندووەتەوە و پاشان هێرشیان کردووتە سەر خەڵکەکە و جگە لەو 26 کەسەی کوژراون کە دووانیان ڕۆژنامەوان بوون، 56 کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG