داهێنان له کاری هونه‌ریدا ورورژاندنی پرسیاری نوێیه. جیاوازیه له‌گه‌ڵ باری باودا ، شکاندنی هێڵی سنوردار کردنه و به‌گژدا چونه‌وه‌ی پرسیاره کۆنه‌کانه.
له شاری سلێمانی هونه‌رمه‌ند زیره‌ک میره په‌یکه‌رێک بۆ که‌رێک درورست ده‌کات ، به‌رگێکی مۆدێرنانه‌ی به‌به‌ردا ده‌کات، پرسیارگه‌لێک به دوای خۆیدا ده‌هێنێت. له‌وانه بۆ په‌یکه‌ر بۆ که‌ر دروست ده‌کرێت؟ بۆ له‌و شوێنه‌دا داده‌نرێت؟ مه‌به‌ست چییه؟ پرسیاری زۆری تریش وه‌ک هه‌ڵمه‌تێک ده‌چونه‌وه به‌گژ زیره‌ک میره‌ی هونه‌رمه‌ند و داهێنه‌ردا.
ژماره‌یه‌ک که‌س له شه‌وێکدا هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ئه‌و په‌یکه‌ره و ده‌یانه‌وێت بیشکێنن ، به‌ردی پیادا ده‌کێشن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بکه‌نه‌وه چۆن ئه‌و به‌ردانه‌یان ژان ده‌کات به گیانی داهێنه‌رانه‌ی نه‌ک هه‌ر ته‌نها هونه‌رمه‌ند زیره‌ک میره‌دا به‌ڵکو هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی داهێنه‌ری تریشدا.
ڕۆشنبیران و ڕوناکبیران ده‌چنه سه‌نگه‌ره‌که‌ی زیره‌که‌وه و ده‌نگ بڵند ده‌که‌ن ، که‌ی ڕه‌وایه له پایته‌ختی ڕۆشنبیریدا ده‌سته ڕه‌شه‌کان زاڵ تر بن به‌سه‌ر داهێناندا؟
که‌ر ئه‌و ئاژه‌ڵه به‌سته‌زمانه‌یه ، مرۆڤ چیی لێ بوێت پێیده‌کات ، به‌شی زۆری باری گرانی میلله‌تی کورد له‌سه‌ر پشتی که‌ر بووه، که‌چی ئه‌وه‌ی پێ ڕه‌وا نابینین ته‌نها یه‌ک په‌یکه‌ریشی هه‌بێت. گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم عه‌زیز نه‌سین گه‌وره چیرۆکنوسی تورکیا له یه‌کێک له چیرۆکه‌کانیدا باس له‌م ئاژه‌ڵه نه‌رم و نیانه ده‌کات ده‌ڵێت هیچ گیاندار و بوونه‌وه‌رێک و ئاژه‌ڵێک نییه له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه هێنده‌ی که‌ر خزمه‌تی مرۆڤ بکات و مرۆڤیش ئه‌وه‌نده بێ سیفه‌ته ناوی لێناوه که‌ر.
ئه‌ی حه‌زره‌تی نالیهکهی له‌مه‌ڕ خۆمان کاتێک له چامه به‌ناوبانگه‌که‌یدا ده‌فه‌رموێت؛
هه‌ی که‌رێکم بوو ، چ په‌یکه‌ر؟ ته‌یکه‌ری هه‌وراز و لێژ
سینه پان و مووچه کورت و شانه به‌رز و گوێدرێژ
عاقڵێ بوو ناوی که‌ر بوو ،قاتیعی ڕیگه‌ی سه‌فه‌ر
خۆش سلووک تر بوو له سه‌د وێڵداشی هه‌رزه و گێژو وێژ
تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی ...
چه‌نده پێم خۆش‌بوو زوبانی حاڵی ده‌یگووت نالیا
هه‌ردوو حه‌یوانین ، ئه‌تۆ گوێ کورت و ئه‌من گوێ درێژ
دانانی ئه‌م په‌یکه‌ره له پارکی نالی کاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری به دوای خۆیدا هێنا... هه‌ندێک ده کارێکی ناوازه ناودێریان ده‌کرد و مه‌خابنیان ده‌رده‌بڕی له‌وه‌ی بۆ ده‌بێت له کولتوری ئێمدا شوێن بۆ کاری ناوازه نه‌بێته‌وه؟
هه‌ندێکی تر وای لێده‌ڕوانن ئه‌م کاره هونه‌رییه هیچ ڕچه شکێنیه‌کی تیادا نییه.
له به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتۆندا به‌ڵێن ساڵح باس له ڕه‌هه‌نده‌کانی شکاندنی ئه‌و په‌یکه‌ره ده‌کات.
میوانه‌کانی به‌رنامه :
هونه‌رمه‌ندی په‌یکه‌رتاش زیره‌ک میره
نوسه‌ر و شاعیر ئه‌حمه‌د ڕه‌زا
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هه‌له‌و واشنتۆن بن که ماوه‌که‌ی 47:45 خوله‌که.
به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتۆن هه‌موو ڕۆژانێکی هه‌ینی کاژمێر یه‌کی پاش نیوه‌ڕۆ به کاتی واشنتۆن له به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکاوه پێشکه‌ش ده‌کرێت.