Accessibility links

کارخانەی ناوەکی بوشیهری ئێران دووبارە کەوتەوە سەر کارکردن


کارخانەی ناوەکی بوشیهر، ئێران
کارخانەی ناوەکی بوشیهر، ئێران

دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو هەفتە کارەکانی ڕاگیرا، کارخانەی ناوەکی بوشیهری ئێران دووبارە کەوتەوە سەر کارکردن و کارەبای نیشتیمانی بۆ ڕاکێشرا.

دووبارە کەوتنەوە کاری کارخانە ناوەکییەکە کە دەکەوێتە باشووری وڵاتەکەوە لە کاتێکدایە کارەبا لە سەرانسەری ئێراندا بە بەردەوامی دەبڕێت، بە تارانیشەوە.

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کە سەرپەرشتی کارخانەکە دەکات لە 20 ی مانگی شەشدا ڕاگرتنی کارەکانی کارخانەکەی " بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک " ڕاگەیاند و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ هەبوونی " کێشەی تەکنیکی لە کارخانەکەدا."

دەزگای هەواڵی ئیسنای ئێران لە زاری سەرۆکی کارخانەکە و جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران مەحمود جەعفەرییەوە بڵاویکردەوە " بەهۆی هەوڵەکانی شارەزایان و کارمەندانی کارخانەکەوە کێشەکە چارەسەر کراوە."

وتیشی دووبارە کارەبای نیشتیمانی بۆ کارخانەکە ڕاکێشراوە و " دەستکراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی وزە، ئەوەش دوای ئەوەی دڵنیابووینەتەوە لە پارێزراوی چالاککردنی کارخانەکە."

دوو هەفتە لەمەوبەر ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕاگرتنی کارەکانی کارخانەکەی ڕاگەیاند و وتی هۆکارەکەی " کێشەیەکی هونەرییە "، بەڵام وردەکاری نەدا لەسەر سروشتی کێشەکە، دواتر لە 22 ی مانگی شەشدا لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە کێشەکە پەیوەندی بە " مۆلیدەیەکی کارەباوە " هەیە لە کارخانەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو کاتەدا وتی " ڕاگرتنی کارەکانی کارخانەکە پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو."

دەستپێکردنەوەی کارەکان لە کارخانەکەدا لەکاتێکدایە بە بەردەوامی بە شەو و بە ڕۆژ کارەبا لە شارەکانی ئێراندا دەبڕێت.

وتەبێژی کۆمپانیای کارەبای نیشتیمانی ئێران مستەفا ڕەجەبی مەشهەدی داوای لێبووردنی کرد لەسەر بڕانی کارەبا، هۆشیاریشیدا لەوەی ئەو وزەیەی بەرهەم دەهێندرێت لە ئاست داواکارییەکاندا نیە.

ڕوونیشیکردەوە بەکارهێنانی کارەبا گەیشتۆتە " 65,9 هەزار مێگاوات." ئاماژەی بەوەدا ئەو ژمارەیە " بێپێشینەیە لە پیشەسازی کارەبای ئێراندا."

ڕەجەبی ئاماژەشی بەوەدا " تێکڕای ئەو وزەیەی بەرهەم دەهێندرێت ناگاتە 55 هەزار مێگاوات."

جێی ئاماژەیە بڕانی کارەبا لە وەرزی هاویندا لە ئێران شتێکی نامۆ نیە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەکارهێنانی زیاتری کارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG