Accessibility links

فەڕەنسا ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە سوپای فەڕەنسا دەستی هەبووبێت لە کودەتاکەی بورکینا فاسۆدا


باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە ئۆگادۆگۆی پایتەختی بورکینا فاسۆ وتی سوپای فەڕەنسا دەستی نەبووە لە ڕووداوەکانی ئەمدواییانەی بورکینا فاسۆدا، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی دەرکرانی سەرۆکی ئەو وڵاتە پۆڵ هێنری دامیبا لە کودەتایەکدا ڕاگەیەندرا.

باڵیۆزخانەی فەڕەنسا وتی وەکو وەڵامێک بۆ ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە بەیاننامەیەک دەردەکات.

دەنگی تەقە لە سەرانسەری پایتەختی بورکینا فاسۆدا بیستراوە و ئاگرێکیش لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسادا کەوتەوە، ئیبراهیم تراوریش کە خۆی وەکو ڕابەری وڵاتەکە ناساندووە سەرۆکی وڵاتەکە پۆڵ هێنری دامیبای بە تۆمەتی ڕێکخستنی هێرشێکی پێچەوانە تۆمەتبار کرد.

ڕووبەڕووبوونەوەکان لەو وڵاتەدا تیشک دەخەنە سەر دابەشبوونێکی قووڵ لەنێو سوپادا و ڕەوشێکی نیگەرانکەری دیکە بۆ بورکینا فاسۆ کە یاخیبوونی ئیسلامییەکان بووە هۆی ئەوەی خەڵکەکە متمانەیان بە بەرپرسانی وڵاتەکە نەمێنێت و نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتی ئاوارە ببن.

دامیبا لە یەکەم بەیاننامەیدا دوای ئەوەی کودەتای بەسەردا کرا وتی " داوا لە کاپتن تراورێ دەکەم بیر بکاتەوە و خۆی بەدوور بگرێت لە شەڕی براکوژی کە بورکینا فاسۆ پێویستی پێی نیە."

هەریەک لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرکۆنەی کودەتاکەیان کرد.

وتەبێژێکی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " بە توندی سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکات بۆ دەسەڵات گرتنە دەست لەڕێی بەکارهێنانی هێزی چەکدارییەوە و داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە توندوتیژی و هەوڵی گفتوگۆ بدەن."

هێزەکانی سەر بە تراورێ وتیان دامیبا پەنای بردووە بۆ بنکەیەکی سەربازیی سوپای فەڕەنسا و لەوێوە پلانی بۆ هێرشێکی پێچەوانە داڕشتووە.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وتی بنکەکە هەرگیز میوانداری دامیبای نەکردووە کە لە کودەتاکەی 24 ی مانگی یەکدا دەسەڵاتی گرتە دەست. دامیباش ڕەتی کردەوە لە بنکە فەڕەنسییەکە بووبێت و وتی ئەو هەواڵانە مەبەست لێیان یاریکردنە بە ڕای گشتی.

ڕۆژی شەممە سەدان لایەنگری تراورێ لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسادا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. خۆپیشاندەرەکانی دژ بە فەڕەنساش لە شارۆچکەی بۆبۆ دیۆلاسۆی باشووری بورکینا فاسۆ گردبوونەوە و بەردییان گرتە ناوەندی کلتوری فەڕەنسا.

لە ئێوارەی ڕۆژی شەممەدا ئاگرێک لەبەردەم باڵیۆزخانەکەدا کەوتەوە و دەنگی چەند تەقەیەک بیسترا. وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی کرد دژ بە باڵیۆزخانەکەی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG