Accessibility links

وەزیری بەرگری بولگاریا: ڕەوانەکردنی هێزەکانی ناتۆ بۆ وڵاتەکە پێویست نیە


وەزیری بەرگری بولگاریا وتی هیچ پێویستیەک نابینێت بۆ ڕەوانەکردنی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ وڵاتەکە وەکو وەڵامێک بۆ زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەنزیک سنووری ئۆکرانیادا.

وەزیری بەرگری بولگاریا ستێفان یانێڤ ئەو هەواڵانەی پشتڕاستکردەوە کە لە ناوخۆی هاوپەیمانێتیەکەدا بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی ڕوسیا، لەوانەش ڕەوانەکردنی هێزی هاوپەیمانێتیەکە بۆ بولگاریا و ڕۆمانیا.

هاوپەیمانێتی ناتۆ ئەرکی " پتەوکردنی بوونی سەربازیی هاوپەیمانێتیەکە لە بەرەکانی پێشەوە "ی بەکارهێناوە بۆ ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی بۆ وڵاتانی باڵتیک و ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا.

یانێڤ وتی " هەڵوێستی من سەبارەت بەو بابەتە، ئەوەیە ئەو جۆرە کارە پێدەچێت ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا."

وتیشی لەم کاتەدا هیچ هۆکارێک نیە بۆ ئەوەی زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا وەکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هاوپەیمانێتیەکە و ناوچە ئەمنیە پەیوەندیدارەکان سەیر بکرێت.

وتی " بەپێی ئەمە، باوەڕ ناکەم بارودۆخەکە بەشێوەیەک بخوازێت پێویست بکات هۆکار بهێندرێتەوە بۆ ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکەمان."

وتیشی بولگاریا کە لە ساڵی 2004 دا چووە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکات و ئامادەیە بۆ زیادکردنی " توانای هێزە نیشتیمانیەکانی خۆی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG