Accessibility links

بولگاریا 70 کۆچبەر دەستبەسەر دەکات، هەندێکیان بەپەلە دەگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە


پۆلیسی بولگاریا دەڵێت وڵاتەکە 70 کۆچبەری گومانلێکراوی نایاسایی لە پاسێکدا لە شوێنێکی وەستانی ئوتومبێلەکان لەسەر شەقامێکی خێرای نزیک شاری سلیڤینی باشووری وڵاتەکە دەستبەسەر کردووە و هەندێکیانی بەپەلە گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانە.

پۆلیس وتی چواردە کەسیان کە هیچ بەڵگەنامەیەکیان پێنەبووە بەڵام وتوویانە خەڵکی ئەفغانستانن، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و سێ کەسییان تاوەکو چاک دەبنەوە لە نەخۆشخانە دەمێننەوە.

دوو هاووڵاتی ڕۆمانیش کە یەکێکیان شۆفێری پاسەکە بووە دەستبەسەر کراون و داواکاری گشتیش ڕێکاری یاسایی دژییان گرتۆتەبەر.

بولگاریا دەکەوێتە سەر ئەو ڕێگایەی کە کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان بەکاریدەهێنن بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپاوە.
زۆربەی کۆچبەران نایانەوێت لە بولگاریای هەژارترین وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بمێننەوە، دەیانەوێت بچنە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئەوروپاوە، ئەوەش لە ڕێی تۆڕەکانی قاچاخەوە.

بولگاریا پشکنینەکانی لە سنووری باشووری وڵاتەکە لەگەڵ تورکیا و سەرانسەری وڵاتەکەدا زیاتر کردووە، ئەوەش بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی کۆچبەران و سەلماندنی ئەوەی کە دەتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو سنووری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بپارێزێت.

لە 8 ی مانگی دوانزەدا بولگاریا لەلایەن ئوستریا و هۆڵەنداوە ڕێگری لێکرا لەوەی بچێتە ناو ناوچەی شنگنەوە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە سەبارەت بە ئاسایش و سەروەری یاسا لەو وڵاتەدا. وڵاتەکە هیوادارە ساڵی داهاتوو بچێتە ناوچەی شنگنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG