Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی ڕۆژئاوای نیویۆرک بەهۆی سەرما و زریانەوە گەیشتە 27 کەس


بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ژمارەی قوربانییانی زریانەکەی ناوچەی بەفالۆ لە ڕۆژئاوای نیویۆرک بەرز بۆتەوە بۆ 27 کەس، لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە یەکێک لە خراپترین کارەساتی کەش و هەوا تێپەڕی لە مێژوودا. زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی ئەمەریکا ڕووبەڕووی ڕەوشێکی دڕندەی زستان بوونەتەوە.

قوربانییەکان لە دەوروبەری بەفاڵۆ لە ناو ئوتومبێل و ماڵەکانیاندا دۆزراونەتەوە. هەندێکیان لە کاتی ڕاماڵینی بەفرەکەدا گیانیان لە دەستداوە. تاوەکو ئێستا 49 کەس بەهۆی سەرما و زریانی بەفرەکەوە لە سەرانسەری ئەمەریکادا گیانیان لە دەستداوە، ئەرکەکانی فریاکەوتنیش بەردەوامن.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوچەی ئێری، مارک پۆلۆنکارز زریانەکەی بە " خراپترین زریان لە ژیانماندا " ناوبرد، هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی ڕەنگە حاڵەتی گیان لە دەستدانی دیکەش هەبێت. وتی هەندێک کەس زیاتر لە دوو ڕۆژە لە ناو ئوتومبێلەکانیاندا گیرییان خواردووە.

وتی " دۆخێکی زۆر خراپە و ڕووناکییەک لە کۆتایی تونێلەکە دەبینین، بەڵام هێشتا ئەمە کۆتایی نیە."

ڕۆژی هەینی و ڕۆژی شەممە زریانەکە بە ڕۆژئاوای نیویۆرکدا ڕۆیشت، بەهۆیەوە ماتۆڕسوارەکان گیرییان خوارد و کارەبا لە ناوچەکەدا بڕا و تیمەکانی فریاکەوتنیش بەهۆی خراپی دۆخەکەوە نەیانتوانی بگەنە ئەو هاوڵاتییانەی کە لە ماڵەکانیان و ئوتومبێلەکانیاندا گیرییان خواردبوو.

لەگەڵ ئەوەدا کە زۆرێک لە بازاڕ و دوکانەکان لە ناوچەی بەفاڵۆ داخراون و لێخوڕینی ئوتومبێلیش قەدەغە کراوە، هەندێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای خۆراک و دایبییان کرد.

بەپێی ماڵپەڕی فلایتئەوێر ڕۆژی دووشەممە نزیکەی 2,085 گەشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی هەڵوەشێندراونەتەوە. ماڵپەڕەکە وتی فڕۆکەخانەکانی سەرانسەری ئەمەریکا ڕووبەڕووی دواخستن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان بوونەتەوە، بە دێنڤەر و ئەتڵانتا و لاس ڤێگاس و سیاتڵ و باڵتیمۆر و شیکاگۆشەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG