Accessibility links

کەسێک بە ئۆتۆمبیل لە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا لە خەڵکی دەدات و پـۆلیس گومانی تێرۆرستی لێدەکات


کاربەدەستانی پـۆلیسی بەریتانیا دەڵێن کەسێک بە ئۆتۆمبیل لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیان لە خەڵکی پـیادە و پاسکیل سواری داوە بەر لەوەی خۆی بکێشێت بە بەربەستێکی بەردەم بینای پەرلەماندا.

نێڵ باسو یاریدەدەری سەرۆکی پـۆلیسی میترۆپـۆلیتان لە ڕاگەیاندنێکدا زانیاری بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ڕووداوەکە لە کاژمێر 7:37 ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بووە و لە ئاکامدا 3 کەس برینداربوون، یەکێکیان لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەری بۆ کراوە و دووانیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون کە ژنێک و پـیاوێکن. پـیاوەکە برینەکەی سووک بووە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە، بەڵام ژنەکە بەهۆی سەختی برینەکانی لە نەخۆشخانە هێڵراوەتەوە.

باسو هەروەها گوتی کەسەکە کە تەمەنی لە بیستەکاندایە و گومانی تێرۆرستی لێدەکرێت لە لایەن پـۆلیسەکانی ناوچەکە دەسـتگیرکراوە. گوتیشی هیچ جۆرە چەکێک لە ئۆتۆمبیلەکەیدا نەگیراوە.

باسی لەوەش کرد کە لە ئێستادا هەوڵ دەدەن بزانن چ هۆکارێک لە پشت ڕووداوەکەوەیە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کەسەکە لەگەڵ لێکۆڵەرەوان هاوکاری ناکات.

بەپـێی چەند گەواهیدەرێک کە بۆ میدیاکان قسەیان کردووە، کەسەکە بە مەبەست لە خەڵکەکەی داوە. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەموو جادەکانی نزیک لە پەرلەمان داخراون.

تێریزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" لە ناخەوە لەگەڵ بریندارەکانم لە وێستمنستەر، سوپاسی دەزگاکانی فریاگوزاری دەکەم بۆ ئازایەتی و کاردانەوە خێراکەیان."

هەروەها سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"هێرشێکی دیکەی تێرۆرستی لە لەندەن... ئەو ئاژەڵانە شێتن و دەبێت بە ڕەق و توندی مامەڵە بکرێن."

هەروەها سادق خان سەرۆکی شارەوانی لەندەن، ئەویش لەم بارەیەوە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت پـۆلیس بۆیان پـشتڕاستکردووەتەوە وەک هەوڵێکی تێرۆرستی مامەڵە لەگەڵ کەیسەکە دەکەن. گوتیشی بە توندی هەموو کردارە تێرۆرستیـیەکان لە شارەکەیاندا سەرزەنشت دەکەن.

XS
SM
MD
LG