Accessibility links

پەرلەمانی بەریتانیا پرۆژە یاسای کشانەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا پەسەند دەکات


حکومەتی بەریتانیا ڕەزامەندی کۆتایی پەرلەمانی وڵاتەکەی بەدەستهێنا لەسەر پرۆژە یاسایەک کە دەسەڵات بە تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا دەدات دەستبکات بە پرۆسەی کشانەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا.

ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا شەوی دووشەممە بە 274 دەنگ بەرامبەر 118 دەنگ پرۆژەی یاساکەی پەسەندکرد بەبێ هیچ هەموارکردنێک، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی گشتی پەسەندی کرد. چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە خاتوو ئێلیزابێتی دووەم شای بەریتانیا واژووی بکات تاوەکو ببێتە یاسا.

دەیڤد دەیڤس وەزیری بەریتانیا بۆ پرسی (Brexit) واتە کشاندنەوە لە یەکێتی ئەوروپا، خۆشحاڵی خۆی بە پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە دەربڕی و وتی پەرلەمان ئەمڕۆ پشتیوانی خۆی بۆ حکومەت ڕاگەیاند لە پرسی کشاندنەوە لە یەکێتی ئەوروپا.

وتیشی لە کۆتایی ئەم مانگەوە کار بە مادەی 50 ی ڕێکەوتنـنامەی لیشبۆنەی ساڵی 2009 دەکرێت کە ڕێگە بە هەر وڵاتێکی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەدات لە یەکێتیەکە بکشێتەوە.

مەزەندە دەکرێت پرۆسەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا زیاتر لە 2 سـاڵ درێژەبکێشێت. بەپێی دیپلۆماتانی ئەوروپایی دەبێت بەریتانیا هەزاران یاسا بگۆڕێت بەر لەوەی یەکێتی ئەوروپا بەجێبهێڵێت.

شایەنی باسە 23 ی مانگی شەشی ساڵی 2016 بەریتانیـیەکان لە ڕیفراندۆمێـکدا بە دەنگی نزیکەی 52 بەرامبەر 48لەسەدی هاوڵاتیان دەرچوونی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا پەسەندکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG