Accessibility links

ژنە بەریتانیـیەکەی بە گازی دەمار باری تەندروستی تێکچووبوو گیانی لەدەست دا


پـۆلیسی بەریتانیا دەڵێت ناتوانێت بە دوری بزانێت خەڵکی دیکەش بەر ئەو گازە ژەهراویـیە نەکەوتبن کە هەوڵی کوشتنی سێرگێی سکریپال سیخوڕی پـێشووی ڕووسیایی پێدرا، ئەمەش پاش ئەوەی ژنە بەریتانیـیەکەی هەفتەی ڕابردوو بە هەمان گاز باری تەندروستی تێکچوو، دوێنێ یەکشەممە گیانی لەدەست دا.

شەممەی پـێشووتر، خانم دان ستەرگێس تەمەن 44 ساڵ لەگەڵ چارڵی ڕاڵی تەمەن 45 ساڵ لە شارۆچکەی ئەیمسبێری بە پەلە گەیەندرانە نەخۆشخانە و پاشان تاقیکردنەوە پـزیشکیـیان نیشانیان دا بە گازی دەماری ژەهراوی جۆری Novichok نەخۆشکەوتوون، ئەوەی مانگی سێی ڕابردوو سێرگێی سکریپال و یولیای کچی پێ ژەهراوی بوون لە شاری سالزبەری کە نزیکەی 13 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی ئەم ژن و پیاوەوە دورە.

نێڵ باسوو سەرۆکی پـۆلیسی دژە تێرۆری بەریتانیا کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان دەکات، گوتی هیچ مسۆگەر نیـیە کەسی دیکە بەر ئەو گازە ژەهراویـیە نەکەون.

گوتیشی پـێدەچێت ئەم ژن و پـیاوە بەر پـڕێکی زۆری گازەکە کەوتبن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد گومان دەکرێت لە ڕێگەی قتویەکەوە تووشبووبن. باسی لەوەش کرد دەزگای تەندروستی گشتی ئامۆژگاری داوە بە هاوڵاتیان هیچ شتی نامۆ یان سرنجی دەرزی هەڵنەگرنەوە.

هاوکات 21 کەس کە مەترسیـیان هەبووە بەر گازەکە کەوتبن، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە و پشکنینی تەندروستیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە هیچ ئاسەواری گازی ژەهراویـیان لەسەر نیـیە.

XS
SM
MD
LG