Accessibility links

بەریتانیا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دۆزینەوە هۆکاری نەخۆشکەوتنی ژن و پـیاوێک بە گازێکی ژەهراوی


پـۆلیسی بەریتانیا بۆ ئەمڕۆ پـێنجشەممەش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زانینی چۆن ژن و پـیاوێکی بەریتانی نەخۆشکەوتوون بە هەمان ئەو جۆرە گازەی سێرگێی سکریپال سیخوڕی پـێشووی ڕووسیا و یولیای کچی پێ ژەهراویبوون.

چارڵی ڕاڵی تەمەن 45 ساڵ و خانم دان ستەرگێس تەمەن 44 ساڵ، ڕۆژی شەممە لە شارۆچکەی ئەیمسبێری بە پەلە بەرەو نەخۆشخانە بران پاش ئەوەی باری تەندروستیان تێکچوو. ئەم شارۆچکەیەش تەنیا 13 کیلۆمەتر لە باکوری شاری سالزبەریـیەوە دورە، واتە ئەو شارەی سێرگێی سکریپال و کچەکەی لە 4 ی مانگی سێدا هەمان حاڵەتیان تووشبوو.

سەرەتا پـۆلیس پـێیوابوو لە ئاکامی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە باری تەندروستی ئەم ژن و پـیاوە تێکچووبێت، بەڵام دواتر تاقیکردنەوە پـزیشکیـیەکان نیشانیان دا بە گازی دەماری ژەهراوی جۆری Novichok نەخۆشکەوتوون. ئەم جۆرە گازە هەر لە سەردەمی سۆڤێتی جارانەوە ڕووسیا دروستیکردووە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی لەشکری.

پـۆلیس دەڵێت هیچ شتێک نیـیە ئاماژە بۆ ئەوە بکات ئەم دووانە ڕاستەوخۆ کرابنە ئامانج، بەڵام باری تەندروستیان ناجێگیرە و لە ئێستادا هەردووکیان لە ژێر چاودێری وردی پـزیشکیدان.

هاوکات دەزگای تەندروستی گشتی بەریتانیا و پـۆلیس داوایان لەو هاوڵاتیانە کردووە کە بۆ هەمان ئەو شوێنانە چوون ئەو ژن و پـیاوە بۆی ڕۆیشتبوون، جلوبەرگ و پـێڵاوکانیشیان بشۆن.

بەپـێی پـۆلیس ئەم دوو بەریتانیـیە بەر لەوەی باری تەندروستیان تێکبچێت لە شارۆچکەی ئەیمسبێری چوون بۆ ماڵێک و کڵێسایەک و دەرمانخانەیەک و لە شاری سالزبەریش چوون بۆ پارکێک و شوێنێکی داڵدەدانی خەڵکی بێ لانە.

XS
SM
MD
LG