Accessibility links

بەریتانیا بە نیازە سیستمی موشەک هاوێژی ئێم 270 بۆ ئۆکرانیا بنێرێت


بەریتانیا سیستمی موشەک هاوێژی جۆراوجۆر دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا تاوەکو ئەو وڵاتە بتوانێت لە دووری 80 کیلۆمەترەوە ئامانجەکانی بپێکێت، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا و لە هەنگاوێکدا کە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ ئەمەریکادا.

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس وتی پشتیوانی بەڕیتانیا بۆ ئۆکرانیا لەگەڵ پەرەسەندنی تاکتیکەکانی ڕووسیادا دەگۆڕێت، هاوکات باسی لە سیستمی موشەک هەڵدەری ئێم 270 کرد و وتی وەکو دیاری دەدرێت بە ئۆکرانیا.

واڵاس وتی " ئەم سیستمە موشەک هاوێژە جۆراوجۆرە بەتوانایانە وادەکەن هاوڕێ ئۆکرانییەکانمان بتوانن باشتر خۆیان دژی تۆپهاوێژە مەودا درێژەکان بپارێزن، کە هێزەکانی پوتن بەبێ جیاکاری بۆ خاپوورکردنی شارەکان بەکارییان هێناون."

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی واشنتن سیستمی موشەکی جوڵەپێکراوی ئێم 142 یاخود هیمارس دەدات بە ئۆکرانیا، ئاماژەشی بەوەدا کیێڤ دڵنیایی داوە لەسەر ئەوەی ئەو سیستمە موشەکییە بەکارناهێنن بۆ هێرش کردنەسەر ئامانجەکانی سەر خاکی ڕووسیا.

پوتنیش دەڵێت ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا " شتێکی نوێ نیە " بەڵام هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەمەریکا موشەکی مەودا درێژ بۆ سیستمی هیمارس ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات ئەوا ڕووسیا وەڵام دەداتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی واشنتن چوار سیستمی موشەکی هیمارسی ئێم 142 و سیستمی موشەک هەڵگری جۆراوجۆری دیکە دەدات بە ئۆکرانیا کە مەوداکەی 40 کیلۆمەترە.

بەڕیتانیا وتی مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکرێت لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی موشەک هەڵدەرە نوێیەکانی بەڕیتانیا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا وتی مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکات لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئوتومبێلە زریپۆشەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG