Accessibility links

بەریتانیا دەڵێت سیخوڕە ڕووسیایـیەکە یەکەم جار لە بەردەم ماڵەکەی ژەهرەکەی بەرکەوتووە


پـۆلیسی بەریتانیا دەڵێت لە دوایـین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بە هەوڵی کوشتنی سیخوڕە ڕووسیایـیەکە و کچەکەی، بۆی دەرکەوتووە یەکەم جار لە بەردەم ماڵەکەیاندا گازی ژەهراوی دەماریان بەرکەوتووە.

دین هایدن لە پـۆلیسی لەندەن شەوی چوارشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی " لەم قۆناغەی لێکۆڵینەوەکاندا، لەو بڕوایەداین سێرگێی سکریپال یەکەم جار لە بەردەرکی ماڵەکەیدا گازی دەماری بەرکەوتبوو."

پـۆلیس لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە چڕی ماددە ژەهراویـیەکە لە بەردەرکی ماڵەکە لە هەموو شوێنەکانی دیکە زیاتربووە کە لەم هەفتانەی دوایی لێکۆڵینەوەیان لێکردبوو.

نزیکەی 250 شارەزا لە بواری نەهێشتنی تێرۆرزم بەشداری لە لێکۆڵینەوەکاندا دەکەن کە پـێشبینی دەکرێت بۆ چەندان مانگی دیکە بخایەنێت. پـۆلیس دەڵێت لێکۆڵەرەوان نزیکەی 500 کەسیان دەسـتنیشانکردووە گەواهی بدەن، لەگەڵ ئەمەش پـیاداچوونەوە دەکەن بە زیاتر لە 5 هەزار کاژمێر لە تۆمارکراوە ڤیدیۆیـیەکانی کامێراکانی چاودێری.

جێی ئاماژەیە 4 ی ئەم مانگی سێـیە لە بازاڕێکی شاری سالزبری ڕۆژئاوای باشوری بەریتانیا سێرگێی سکریپال تەمەن (66 ساڵ) لەگەڵ یولیای کچی (33 ساڵ) پـێکەوە لە هۆش خۆیان چوون و بە پەلە بە ئەمبوڵانس بەرەو نەخۆشخانە بران. کاربەدەستان دەڵێن هێشتا بێ هۆشن و باری تەندروستیان بەرەو باشبوون ناچێت.

XS
SM
MD
LG