له به‌ریتانیا، به‌ڵگه‌ی تازه بڵاوکراونه‌ته‌وه که نیشانی ده‌ده‌ن سه‌ره‌ک وه‌زیران ده‌یڤد کامیرۆن په‌یوه‌ندی نزیکی هه‌بووه له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی باڵای ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی ڕوپرت مۆرداک که له ناوه‌ڕاستی شه‌رمه‌زاری گوێگرتنی ته‌له‌فۆنییه.
به‌ڕێز کامیرۆن ئاشکرای کرد له‌وه‌تای 14 مانگ له‌مه‌وبه‌ر که بوو به ڕێبه‌ری وڵات، 26 جاران چاوی به کاربه‌ده‌ستانی کۆمپانیای ده‌نگوباسی مۆرداک که‌وتووه، ئه‌مه‌ش پتر له 2 جار زیاتره له ژماره‌ی دیداره‌کانی سه‌ره‌ک وه‌زیران له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌زگایکی تری ڕاگه‌یاندن هه‌یبووه. به‌ڵگه‌نامه‌کان پێشان ده‌ده‌ن ڕێبێکا بروکس، هه‌ینی وه‌ک به‌رپرسی باڵای کاروباری ڕاگه‌یاندنی به‌ریتانیای مۆرداک ده‌ستی له‌کار کێشاوه، تاکه که‌س بووه به‌ڕێز کامیرۆن 2 جار له پشوودانی کۆتایی هه‌فته له سیاحه‌تگه‌ی خۆی میوانی کردووه.
ڕێبه‌ری حکومه‌تی کۆنه‌پارێزی به‌ریتانیا هه‌روه‌ها له مانگی 3 میواندارێتی ئه‌ندی کۆڵسه‌نی بۆ سیاحه‌تگه‌ی کردبوو، دوو مانگ پاش ئه‌وه‌ی چیتر ده‌مڕاستی سه‌ره‌ک وه‌زیران نه‌مابوو. کۆڵسه‌ن سه‌رنووسه‌ری پێشوی ڕۆژنامه‌ی نیوز ئاو وه‌ره‌ڵد بوو که مۆرداک هه‌فته‌ی ڕابردوو دایخست وه له ناوه‌ندی ئیدعاکانه که ده‌گوترێت ڕۆژنامه‌وانان کۆد و ره‌مزی ته‌له‌فونی مۆبایلی کچه نه‌وجه‌وانێکی کوژراو سه‌ربازانی مردوو و که‌سانی تریان شکاندبو. پێشتر له‌م مانگه کۆڵسن به ره‌سمی تاونبارکرا به گه‌نده‌ڵی و پیلانگێڕان بۆ گوێگرتن له په‌یوه‌ندیه‌کان. ئه‌و یه‌کێکه له 9 که‌سی له شه‌رمه‌زایه‌که‌دا ده‌ستگیر کراون.
وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ویلیا‌م هێگ کوتوویه‌تی جێگای سه‌رسوڕمان نیـیه که کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراتیک "هه‌ندێک پێوه‌ندی هه‌بێت نێوان ڕێبه‌ری به‌ریتانیا و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن.
به‌ڵام ڕێبه‌ری پارتی ئۆپۆزسیونی کار گوتوویه‌تی ئه‌و هه‌موو دیدارانه نیشان ده‌ده‌ن به‌ڕێز کامیرۆن که‌سێکه لێکدانه‌وه‌ی زۆر خراپی له‌سه‌ر (مه‌سه‌له‌کان) هه‌بووه.