Accessibility links

پەرلەمانی بەریتانیا ئەمڕۆ بڕیار دەدات وڵاتەکەی بۆردومانی داعش لە سوریا بکات یان نا


چاوەڕوان‌دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی بەریتانیا مەسەلەی بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی سەر داعش لە سوریا یەکلایی بکاتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە یاسادانەرانی سەر بە پارتی کرێکارانی ئۆپـۆزسیۆن شیانی هەیە پشـتیوانی لەم پـێشـنیارەی حکومەتی وڵاتەکەیان بکەن.

مشتومڕەکانی ناو پەرلەمان لە کاژمێر 11:30 ی پـێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەسـتیپـێـکرد و بڕیارە نزیکەی 10 کاژمێر درێژە بـکێشێت بەر لەوەی دەنگ لەسەر پـرۆژە بڕیارەکە بدرێت.

سەرەتا دەیڤد کامیرۆن سەرۆک وەزیری بەریتانیا وتارێـکی پـێشـکەشکرد و تیایدا گوتی داعش هەڕەشەیەکی زۆر ڕاستەقینەیە بۆ سەر وڵاتەکەی، بۆیە دەبێت بەریتانیا لەگەڵ هاوپەیمانانی کاربکات بۆ لێدانی ئەو تێرۆرسـتانە لە ناوجەرگەی شوێنەکەیاندا. پاشان داعشی بە دڕندەکانی سەدەی ناوەڕاست ناودێرکرد و گوتی ئەوانە دەسـتدرێژی دەکەنە سەر نامووسی ژنان و خەڵکی موسڵمانیش دەکوژن.

جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم پـێشـنیارەی حکومەت بۆ لێدانی داعش لە سوریا کارێـکی یاسایی‌ و ڕاستە و پـێویستە پەسەندبکرێت بۆ پاراستنی ئاسایش لە وڵاتەکەیاندا.

پاشان هۆشداری دا کە ئەگەربێت و بە خێرایی بەو ئاڕاستەیە هەنگاو نەنێن، ئەوا ژمارەی ئەو هێزانەی لەسەر زەوی ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە، کەم دەبێتەوە.

جێی ئاماژەیە زۆربەی ئەندامانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار لەگەڵ پـرۆژە بڕیارەکەن لەگەڵ نزیکەی 50 ئەندامی پارتی کرێکاران. بۆیە شیانی پەسەندکردنی زۆرە.

XS
SM
MD
LG