Accessibility links

پارتی کۆنەپارێز براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی بەریتانیایە و تێرێزا مەی حکومەتی نوێ پـێکدەهێنێت

  • VOA News

بەپـێی ئەنجامە نیمچە کۆتایـیەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی بەریتانیا کە دوێنێ پـێنجشەممەی ئەنجام درا، پارتی کۆنەپارێز هەرچەندە زۆرینەی لەدەست دا، بەڵام هێشتا لە پارتەکانی دیکە کورسی زیاتری بردووەتەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە کۆی 650 کورسیـیەکەی پەرلەمان 649 کورسی یەکلابووەتەوە و پارتی کۆنەپارێزی تێرێزا مەی سەرۆک وەزیر 318 کورسی بردووەتەوە و پارتی کرێکاران 261 کورسی و پارتی نەتەوەیی سکوتلاند 35 کورسی و پارتی لیبڕاڵ دیموکرات 12 کورسی و پارتی دیموکراتی یەکێتیخواز 10 کورسی و چەند پارتێکی دیکە 13 کورسی.

پـێکهێنانی حکومەت پـێوستی بە دەنگی بە لایەنی کەم 326 پەرلەمانتار هەیە، بۆیە پارتی کۆنەپارێز بەنیازە لەگەڵ پارتی دیموکراتی یەکێتیخواز هاوبەندیـیەک پـێکبهێنن کە پـێکەوە دەبنە خاوەن 328 دەنگ لە پەرلەمان.

تێرێزا مەی پاش سەردانی بۆ کۆشکی بەکینگهام و وەرگرتنی مۆڵەت لە شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێتی دووەم بۆ پـێکهێنانی حکومەتی نوێ، ڕایگەیاند لەگەڵ پارتی دیموکراتی یەکێتیخواز حکومەتی نوێ پـێدەهێنێت تاوەکو پـێکەوە هەنگاو بنێن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری بەریتانیـیەکان بۆ کشانەوە لە یەکێتی ئەوروپا.

جێی ئاماژەیە لەم هەڵبژاردنە پارتی کۆنەپارێز 12 کورسی کەمبووەتەوە، بەڵام پارتی کرێکاران 29 زیاتری هێناوە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پـێشوو.

خانم مەی هیوای وابوو بەم هەڵبژاردنە پـێش وەختەی پەرلەمان بتوانێت دەنگی زیاتر بۆ پارتەکەی بەدەسـتبهێنێت تاوەکو پـێکەی خۆی بەهێزبکات لە مەسەلەی کشانەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا.

جێریمی کۆربین ڕێبەری پارتی کرێکاران گوتی خانم مەی لە پـلانەکەی شکستی هێنا، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی دەستبەرداری پـۆستەکەی ببێت و ڕێگە بدات حکومەتێـک پـێکبهێنرێت کە بە ڕاستی نوێنەرایەتی بەریتانیـیەکان بکات.

XS
SM
MD
LG