Accessibility links

نزیکەی 39 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەگەڵ ئەو شاندەی بەڕازیلدا بووە کە بۆ کۆنگرەی G20 بەڕێکەوتبوو


ژایر بۆلسنارۆ سەرۆکی بەڕازیل

دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا بڕێکی گەورەی ماددەی هۆشبەریان گرتووە لە ناو یەکێک لەو فڕۆکەیانەی شاندی بەڕازیلی بەرەو ژاپـۆن دەبرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی G20.

فڕۆکە هی هێزی ئاسمانی بەڕازیل بووە و لە ڕێگەیدا بەرەو ژاپـۆن لە فڕۆکەخانەی شاری سێڤیلیای ئیسپانیا نیشتووەتەوە و کاربەدەستانی ئیسپانیا 39 کیلۆگرام کۆکایـینیان تیایدا دۆزیوەتەوە.

میدیاکانی ئیسپانیا و بەڕازیل ناسنامەی ئەو کەسەیان ئاشکراکردووە کە ئەو ماددە هۆشبەرەی بردووە، دەڵێن سەربازێکە بە ناوی مانۆئێل سیلڤا ڕۆدریگەز کە بۆ دەیان جار لەگەڵ سێ سەرۆکی بەڕازیل لەم جۆرە گەشتانەدا بووە. ناوبراو لەلایەن پـۆلیسی ئیسپانیاوە دەستگیرکراوە.

بەپـێی کەناڵی ABC ی بەڕازیل ئەو سەربازە بەڕازیلیـیە بڕە کۆکایـینەکەی کردبووە 37 پارچە و بە تاقمی پاسەوانی شاندەکەی گوتبوو "پەنیرە".

ژایر بۆلسنارۆ سەرۆکی بەڕازیل کە لە نێو فڕۆکەیەکی دیکەدا بوو، لەسەر تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسیویەتی"هەرچەندە پەیوەندی بە شاندەکەمەوە نیـیە، بەڵام ئەوە جێی قبوڵ نیـیە. بۆیە داوامکردووە لێکۆڵینەوەیەکی بە پەلە ئەنجام بدرێت و سزای توندی ئەو کەسە بدرێت کە لەو ماددە هۆشبەرانە بەرپـرسیارە."

جێگری سەرۆکی بەڕازیل ئەویش گوتویەتی ئەو بڕە ماددە هۆشبەرەی بە مانۆئێل سیلڤا ڕۆدریگەز گیراوە نیشانی دەدات ئەو بۆخۆی نەکڕیوە، بەڵکو قاچاغچیـیەکی ماددەی هۆشبەری شارەزایە.

XS
SM
MD
LG