Accessibility links

لە بەڕازیل بەهۆی باران بارینەوە، 56 کەس گیانیان لە دەستداوە و 70 کەسیش بێسەروشوێن بوون


بەرپرسانی ناوخۆی بەڕازیل بەیانی ڕۆژی شەممە 4ی مانگی پێنج ڕایانگەیاند بەهۆی باران بارینەوە لە ویلایەتی 'ڕیۆ گراندێ دو سول' ژمارەی گیان لە دەستدانەکان بەرز بووەتەوە بۆ 56 کەس، دەیان کەسیش بێسەروشوێن بوون.

دەسەڵاتی بەرگری شارستانی ڕیۆ گراندێ دو سول وتی هێشتا نزیکەی 70 کەس بێسەروشوێنن و نزیکەی 25,000 کەس ئاوارە بوون، لە کاتێکدا کە زریانەکە کاریکردووەتە سەر نیوەی 497 شارەکەی ویلایەتەکە، کە سنووری بە ئۆروگوای و ئەرجەنتینەوەیە.

بەرپرسان دەڵێن لافاو چەندین شەقام و پردی لە چەندین ناوچەی هەرێمەکەدا لە ناوبردووە. زریانەکە بووەتە هۆی هەرەسهێنانی زەوییەکە و ڕووخانی بەشێکی بەنداوێک لە وێستگەیەکی بچووکی کارەبایی ئاودا. بەنداوێکی دیکە لە شاری بێنتۆ گۆنکالڤێس مەترسی ڕووخانی لەسەرە.

لە پۆرتۆ ئالێگری پایتەختی ڕیۆ گراندێ دو سول، ڕووباری گوایبا سەرڕێژ بووە و لافاویی لەسەر شەقامەکان دروست کردووە.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پۆرتۆ ئالێگری سەرجەم گەشتەکانی بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگرت.

فەرمانڕەوای ویلایەتەکە ئێدواردۆ لێتی ئێوارەی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی وت دەکرێت ژمارەی گیان لە دەستدانەکان زیاتر ببن.

بەپێی ناوەندی نیشتیمانی کەشناسی بەڕازیل، پێشبینی دەکرێت بارانی زیاتر لە ناوچەکانی باکووری ویلایەتەکە ببارێت، بەرپرسانیش داوایان لەو هاووڵاتییانە کردووە کە لەو ناوچانەدا دەژین مەترسییان لەسەرە بچنە شوێنەکانی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG