Accessibility links

ناتانیاهو: گواستنەوەی باڵیۆزخانەی بەڕازیل بۆ ئۆرشەلیم بابەتی کاتە


سەرۆکی بەڕازیل گایر بؤڵسۆنارۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی سەرۆکی هەڵبژێردراوی بەڕازیل گایر بۆڵسۆنارۆ پێی ڕاگەیاندووە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم " بابەتی کاتە."

بۆڵسۆنارۆ کە ڕۆژی سێشەممە دەبێتە سەرۆکی بەڕازیل وتی حەز دەکات هەنگاوەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بنێت و باڵیۆزخانەی وڵاتەکە بگوازێتەوە بۆ ئۆرشەلیم.

بۆڵسۆنارۆ لەلایەن کەرتی کشتوکاڵی بەهێزی بەڕازیلەوە ڕووبەڕووی فشار بۆتەوە تاوەکو ئەو هەنگاوە نەنێت چونکە زیان بە هەناردەکانی بەڕازیل دەگەیەنێت بۆ وڵاتانی عەرەبی.

ئەم هەنگاوەی بەڕازیل گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەدا کە هەمیشە لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتتدا بووە بۆ ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین.

جامیعەی عەرەبی بە بۆڵسۆنارۆی ڕاگەیاند گواستنەوەی باڵیۆزخانەکە دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی بەڕازیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا.

ناتانیاهو لە سەردانەکەیدا بۆ بەڕازیل وتی " بۆڵسۆنارۆ پێی ڕاگەیاندووم کە ئەوە تەنها بابەتی کاتە."

ناتانیاهو وتیشی سەرۆکی هەڵبژێردراوی لە دهاتوودا سەردانی ئیسڕائیل دەکات. ناتانیاهو یەکەمین سەرۆک وەزیری ئیسڕائیلە سەردانی بەڕازیلی کردبێت.

بۆڵسۆنارۆ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ناتانیاهودا وتی " ئێمە پێویستمان بە هاوپەیمانی باش و هاوڕێی باش و برای باشی وەکو بنیامین ناتانیاهو هەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG