Accessibility links

سەرۆکی جەزائیر دەستی لەکارەکەی کێشایەوە


دوای بیست ساڵ لەسەر کورسی دەسەڵات، سەرۆکی جەزائیر عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، ئەمەش دەرەنجامی فشارەکانی سەر شەقامی جەزائیر و سوپاش دەستبەرداری بوو.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جەزائیر ئێوارەی سێشەممە بڵاویان کردەوە سەرۆک بۆتەفلیقە بە ئەنجومەنی دەستووری ڕاگەیاندووە " لەمڕۆوە دەست لەکار دەکێشێتەوە."

بەپێی دەستووری جەزائیر سەرۆکی ئەنجومەنی نەتەوە عەبدولقادر بن ساڵحی تەمەن 77 ساڵ بە وەکالەت پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە وەردەگرێت بۆ ماوەی 90 ڕۆژ تاوەکو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەنجام دەدرێت.

دوای ڕاگەیاندنەکەی بۆتەفلیقە سەدان جەزائیری ڕژانە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕا بەبۆنەی دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکایەتی جەزائیر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا بۆتەفلیقە پێش بەسەرچوونی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دەست لەکارەکەی دەکێشێتەوە و کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ دەردەکات بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی وڵات لە ماوەی ئەو گۆڕانکارییانەدا کە لە حکومەتدا دەکرێن.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەو بەیاننامەیە، سەرۆک ئەرکانی سوپای جەزائیر فەریق ئەحمەد قاید ساڵح داوای کرد بەزووترین کات چارەسەری دەستووریی جێبەجێ بکرێت کە ڕێگە دەدات سەرۆک بۆتەفلیقە لەسەر کورسی دەسەڵات لاببرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG