Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا لە سەردانێکی لە ناکاودا بۆ کیێڤ لەگەڵ زێلێنسکیدا کۆبۆوە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن، کیێڤ ، ئۆکرانیا
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن، کیێڤ ، ئۆکرانیا

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لە دووەمین گەشتیدا بۆ ئۆکرانیا لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبۆوە و پێشنیاریکرد بەڕیتانیا پڕۆگرامێکی مەشقی سەربازیی بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا دەستپێبکات.

جۆنسن لەلایەن زێلێنسکییەوە پێشوازی لێکرا و سەرۆکی ئۆکرانیا بە " هاوڕێیەکی باش " ناویبرد، دواتریش جۆنسن وێنەیەکی خۆی لەگەڵ زێلێنسکیدا بڵاوکردەوە و لەسەری نوسیوە " جەنابی سەرۆک ڤلۆدیمیر، خۆشحاڵم دووبارە لە کیێڤم."

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی جۆنسن لە سەردانەکەیدا پێشنیاری پڕۆگرامێکی مەشقی سەربازیی کردووە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا، ئەگەری هەیە هەر 120 ڕۆژ جارێک مەشق بە 10,000 سەربازی ئۆکرانیا بکرێت.

جۆنسن وتی " سەردانەکەی ئەمڕۆم لە قوڵایی ئەم جەنگەدا، بۆ ئەوەیە پەیامێکی سادە و ڕوون بنێرم بۆ گەلی ئۆکرانیا: بەڕیتانیا لەگەڵتاندایە، تاوەکو لەکۆتاییدا سەردەکەون لەگەڵتاندا دەبین."

وتیشی " لەبەر ئەوەیە پێشنیارم کردووە بۆ سەرۆک زێلێنسکی دەست بکەین بە پڕۆگرامێکی گەورەی مەشقی سەربازیی کە دەکرێت هاوکێشەکانی ئەم جەنگە بگۆڕێت."

سەردانە ڕانەگەیەندراوەکە نوێترین دەرخستنی پشتیوانی جۆنسنە بۆ زێلێنسکی، سەردانەکەش ڕۆژێک دوای ئەوە هات ڕابەرانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ڕۆمانیا سەردانی کیێڤیان کرد و پێشوازییان لە کاندیدبوونی ئۆکرانیا کرد بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا.

لەلای خۆیەوە زێلێنسکی وتی " ڕۆژانێکی زۆری ئەم جەنگە سەلماندی کە پشتیوانییەکانی بەڕیتانیای مەزن بۆ ئۆکرانیا پتەو و یەکلاکەرەوەن. خۆشحاڵم دووبارە جۆنسنی هاوڕێ مەزنەکەی وڵاتەکەمان لە کیێڤ دەبینمەوە."

زێلێنسکی وتی لەگەڵ جۆنسندا باسیان لە بارودۆخی بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە کردووە و تاوتوێی ئەوەشیان کردووە پێویستە چەکی قورسی زیاتر بدرێت بە ئۆکرانیا و بەرگرییەکانی ئاسمانی ئۆکرانیا بونیادبنرێن.

زێلێنسکی وتی " بینینێکی هاوبەشمان هەیە لەسەر ئەوەی چۆن بەرەو سەرکەوتن بڕۆین، چونکە ئۆکرانیا ئەوەی دەوێت، سەرکەوتنی وڵاتەکەمان."

جۆنسن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێمە دووبارە لێرەین تاوەکو تیشک بخەینەسەر ئەوەی ئێمە لێرەین لەگەڵتاندا و لێرەین تاوەکو ئەو یارمەتییە ستراتیژییەتان بدەینێ کە پێویستتانە."

وتیشی هیوادارە یارمەتییەکان توندکردنەوەی سزاکانی سەر ڕووسیاش بگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG