Accessibility links

بۆریس جۆنسن دەڵێت پوتن هەڕەشەی هێرشی موشەکی لێکردووە


سەرۆک وەزیری پێشووی بەڕیتانیا بۆریس جۆنس
سەرۆک وەزیری پێشووی بەڕیتانیا بۆریس جۆنس

سەرۆک وەزیری پێشووی بەڕیتانیا بۆریس جۆنس دەڵێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە ماوەی پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا هەڕەشەی هێرشی موشەکی لێکردووە.

جۆنسن بە کەناڵی بی بی سی وت سەرۆکی ڕووسیا سەبارەت بە بواری ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ پرسیاری لێکردووە، جۆنسن لە وەڵامدا پێی وتووە ئەوە " لە داهاتوویەکی پێشبینی کراودا " ڕوونادات.

جۆنسن وتی " پوتن هەڕەشەی لێکردم، وتی ' بۆریس، نامەوێت ئازارت بدەم، بەڵام بە موشەکێک تەنها یەک خولەک هەر ئەوەندەی پێدەچێت." جۆنسن وتیشی پەیوەندییە تەلەفونییەکە لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا بووە و " ماوەیەکی درێژی خایاندووە و زۆر سەرسوڕهێنەر بووە." وتیشی دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکە سەردانی کیێڤم کرد.

جۆنسن وتی " بەڵام پێم وایە بەو شێوە ئاساییەی کە قسەی دەکرد دەردەکەوت کە تەنها یاری دەکرد لەگەڵ هەوڵەکانمدا بۆ ڕازیکردنی بۆ گفتوگۆکردن."

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەوەی جۆنسن وتوویەتی ڕاست نییە، یاخود " بە دیاریکراوی، درۆیە."

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووەوە تەنانەت پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیاش لە ئۆکرانیا، پەیوەندییەکانی نێوان لەندەن و مۆسکۆ گەیشتوونەتە نزمترین ئاستییانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا سیخوڕێکی پێشووی ڕووسیا لە شاری سالیسبری بەڕیتانیا ژەهراویکرا.

جۆنسن کە لە مانگی نۆدا دەستی لە کارکێشایەوە، هەوڵی دەدا لەندەن بکاتە هاوپەیمانی باڵای ئۆکرانیا لە ڕۆژئاوادا. لە کاتێکدا کە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بوو، چەندین جار سەردانی کیێڤی کرد و بەردەوام پەیوەندی بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکییەوە دەکرد.

لەم مانگەشدا جارێکی دیکە سەردانی کیێڤی کردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG