ئەمڕۆ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن کۆتا پێشنیاری خۆی سەبارت بە جیابوونەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا دەخاتە ڕوو و ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنێت ئەگەر بڕۆکسل پێشنیارەکە پەسەند نەکات ئەوا بەڕیتانیا دووبارە وتوێژ لەسەر جیابوونەوەکە ناکاتەوە و لە 31 ی ئەم مانگەدا لە یەکێتی ئەوروپا جیادەبێتەوە.
لە دوایین لێدوانیدا لە کۆنگرەی ساڵانەی حیزبەکەی، جۆنسن سوور دەبێت لەسەر هەڵوێستی خۆی و یەکەمین وردەکارییەکان پێشکەشی حیزبەکەی دەکات.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، نادیارییەکان تا دێت زیاتر دەبن لەسەر ئەم جیابوونەوەیە کە گەورەترین گۆڕانکارییە لە بازرگانی و سیاسەتی دەرەوەی بەڕیتانیادا.
جۆنسن بە حیزبەکەی ڕادەگەیەنێت پێشنیارەکەی ئاڕاستەی بڕۆکسل دەکات لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتیەکە ئاسان بکات و وڵاتەکە بەدوور بگرێت لە زیانی ئابووری.
ئۆفیسی جۆنسن بەشێک لە وتارەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە دەڵێت " هاوڕێیان پێم وایە دوای سێ ساڵ و نیو خەڵک ئێستا پێی وایە وەکو نەزان یارییان پێدەکرێت. ئێستا ئیتر گومان دەکەن لەوەی هێزێک هەیە لەم وڵاتەدا نایەوێت هەرگیز جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ بکرێت."
دەشڵێت " با پڕۆسەی جیابوونەوەکە لە 31 ی مانگی 10 دا جێبەجێ بکەین و دواتر وڵاتەکەمان دەتوانێت بچێتە ساڵی 2020 ەوە."
جێی ئاماژەیە سێ ساڵ لەمەوبەر لە گشتپرسیەکدا بەڕیتانیانیەکان لە بەرژەوەندی جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا دەنگیاندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز