Accessibility links

لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە مزگەوتێکی نەیجیریا 50 کەس گیانیان لەدەست دا


کاربەدەستانی نەیجیریا دەڵێن لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا بۆ سەر مزگەوتێک لە شاری موبی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بە لایەنی کەم 50 کەس کوژران و دەیانی دیکە برینداربوون.

عوسمان ئەبو بەکر گوتەبێژی پـۆلیسی هەرێمی ئاداماوا بە ئاژانسەکانی هەواڵی گوت هێرشەکە لەو کاتە کراوە کە خەڵکی بۆ نوێژی بەرەبەیان ڕوویان لە مزگەوتەکە کردبوو. گوتیشی هێشتا ژمارەی برینداران بە تەواوی نازانرێت، چونکە بەرەو چەند نەخۆشخانەیەک براون.

پـۆلیس دەڵێت خۆکوژەکە هەرزەکارێک بووە و لەگەڵ خەڵکەکەدا خۆی بە مزگەوتەکە کردبوو.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام گومان دەکرێت گروپی بۆکۆ حەرام لە پشتەوە بێت، بەو پـێیەی پـێشتر چەندان هێرشی هاوشێوەی لەو ناوچەیە کردووە. ماوەی هەشت ساڵە شاری موبی شوێنی سەرەکی ئەم گروپە توندڕەوە بووە.

لەوەتای بۆکۆ حەرام لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نەیجیریا دەستی بە کاری توندوتیژی کردووە بە لایەنی کەم 20 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 2.6 ملیۆن کەسی دیکە ئاوارەبوون.

XS
SM
MD
LG