Accessibility links

فەرماندەیەکی پێشووی ئۆکرانیا: ژمارەیەکی زۆر لە تەرمی سەربازەکانی ئازۆڤستاڵ هێشتا لە ماریوپۆڵ ماونەتەوە


فەرماندەیەکی پێشووی یەکەی سوپای پاسەوانی نیشتیمانی ئۆکرانیا دەڵێت هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە تەرمی ئەو سەربازە ئۆکرانییانەی کە لەمیانەی گەمارۆدانی وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵدا کوژران لە ماریوپۆڵ ماونەتەوە و چاوەڕێی دۆزینەوەیان دەکەن.

ماکسیم ژۆرین وتی بەپێی مەرجەکانی گۆڕینەوەی تەرمەکان لەمدواییانەدا، نزیکەی 220 تەرمی ئەو سەربازانەی کە لە ئازۆڤستاڵ کوژران ڕەوانەی کیێڤ کراونەتەوە، بەڵام " ژمارەیەکی دیکەی هاوشێوە هێشتا لە ماریوپۆڵ ماونەتەوە."

ژۆرین وتی " گفتوگۆکان سەبارەت بە گۆڕینەوەی زیاتری تەرمەکان بەردەوامن، بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم تەرمەکان بۆ نیشتیمانی خۆیان. بێگومان دەبێت هەموو تەرمەکان بگەڕێندرێنەوە و ئەمە شتێکە ئێمە کاری لەسەر دەکەین."

گوتیشی سێیەکی مردووەکان سەر بە یەکەی ئازۆڤ بوون، ئەوانی دیکەش سەر بە هێزەکانی پاسەوانی سنوور و ئەفسەرانی هێزی دەریایی و پۆلیس بوون.

لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا سەدان سەربازی ئۆکرانیا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵدا دەستبەسەرکران، بەڵام زۆرێکیشیان لەمیانەی هێرشەکانی ڕووسیادا بۆ سەر وێستگەکە کوژران.

ژۆرین وتی بەهۆی ئەوەی کە دۆخی تەرمەکان زۆر خراپن، " کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو سەرجەم تەرمەکان دەناسرێنەوە."

گوتیشی پشکنینی دی ئێن ئەی و جل و نیشانە سەربازییەکان یارمەتیدەر دەبن لە ناسینەوەی تەرمەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG