Accessibility links

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی داوای هەڵوەشاندنەوی سزای لەسێدارەدانی بەرزان نەسروڵازادە دەکات


ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی بانگەوازێکی بۆ هەڵوەشاندنەوی سزای لەسێدارەدانی بەرزان نەسروڵازادە، زیندانیی سێدارە لە ئێران دەرکرد. نەسروڵازادە لە کاتی دەستگیرکردنیدا تەمەنی 17 ساڵان بووە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕۆژی دووشەممە12 ی مانگی10 بانگەوازەکەی بڵاوکردەوە و داوای لە خەڵک و چالاکانی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان کردووە کە بە زمان و قەڵەمی خۆیان لە سەر ئەساسی ئەم بانگەوازە، نامەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران بنووسن و کاردانەوەیان بەرامبەر بە سزای لە سێدارەی گەنجانی ئێران نیشان بدەن و داوای وەستاندنی سزای لە سێدارەی بەرزان نەسروڵازادە بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە، بەرزان نەسروڵازادە، کوردێکی سوننەی ئێرانە و لە 29ی مانگی 5 ی ساڵی 2019دا لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنەوە دەستگیرکراوە و چەند مانگێکیش لە بنکەیەکی دەستبەسەرکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، بەبێ پارێزەر دەستبەسەر کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی بەرزان نەسروڵازادە، کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا 17 ساڵ بووە، لەکاتی لێپرسینەوەکانیدا لەژێر ئەشکەنجەی جۆراوجۆردا وەک شۆکی کارەبا و ئەشکەنجە جۆراوجۆرەکانی دیکە ناچارکراوە لەبەردەم کامێرادا، دژی خۆی قسە و لێدوان بدات.

بە پێی زانیارییەکانی بەردەست، نەسروڵازادە بە شێوەیەکی زۆر نادادپەروەرانە دادگایی کراوە و لە دادگادا ئەو وێنە و ڤیدیویانە وەک بەڵگەی پەسەند لە بەرچاو گیراون کە لە ژێر ئەشکەنجەدا لێیوەرگیراوە. لقی 28 ی دادگای ئینقلابی تاران ناوبراو سزا دەدات بە تۆمەتی دژایەتی کردن لەگەڵ خودا (موحارەبە) و پەیوەندی لەگەڵ گروپە سەلەفییەکان وهەروەها بەشداری کردن لە پیلانەکانی کوشتندا، لەوانە کوشتنی مەلایەکی سوننەی سەر بە حکوومەت کە لە 17 ی مانگی 9 ی ساڵی 2009 دا کوژراوە. سزای لە سێدارەدانی ئەم زیندانییە لە مانگی7ی ساڵی 2015دا لەلایەن دادگای باڵاوە پشتڕاستکراوەتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی، بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستیان کەوتووە، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مانگی8ی ئەمساڵدا " ناوەندی جێبەجێکاری سزاکان" سەرقاڵی پرۆڤەکردنی دۆسیەی بەرزان نەسروڵازادە بووە، ئەمەش ئەو نیگەرانییە دروست دەکات کە ڕەنگە لە سێدارەدانەکەی لە داهاتوویەکی نزیکدا لە بەرنامەدا بێت."

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی جەختی لە سەر ئەوە کردوەتەوە کە حکوومەتی ئێران دەبێت بە پێی پەیماننامەی مافەکانی منداڵ و پەیمانی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسیەکان، کە قەبووڵی کردوون، ناچارە و دەبێت سزای لە سێدارەدان بۆ ئەو کەسانەی لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا تەمەنیان لە خوار18 ساڵە، سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا نەسەپێنێت. ئەم ڕێکخراوە دەڵێت لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی بەڵێنەکانی نییە و بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ئەو کەسانەی کە لە کاتی تاوانەکەدا لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە بوون.

XS
SM
MD
LG