وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداریدایە دیبلۆماتکاری باڵای چین وانگ یی لەسەر ئەو دەرەنجامانەی ڕووبەڕووی چین دەبێتەوە ئەگەر پشتیوانی ماددی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکات لە ئۆکرانیا، وتی نیگەرانە لەوەی چین بیر لەوە دەکاتەوە چەک بدات بە مۆسکۆ.
بلینکن و وانگ یی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخدا کۆبوونەوە، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی وانگ وتی واشنتن " توشی هیستریا " بووە لە ناکۆکییەکاندا سەبارەت بە خستنە خوارەوەی باڵۆنە گومانلێکراوە هەواڵگرییەکەی چین لەلایەن واشنتنەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە خراپتر بوون دوای ئەوەی واشنتن وتی چین باڵۆنێکی هەواڵگری بەسەر ئەمەریکادا بردووە و دواتر فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەمەریکا لەسەر فەرمانی سەرۆک جۆو بایدن خستییە خوارەوە. ناکۆکییەکە لە کاتێکیشدایە ڕۆژئاوا لە نزیکەوە چاودێری وەڵامدانەوەی پەکین دەکات بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاودەکرێتەوە، بلینکن وتی ئەمەریکا زۆر نیگەرانە سەبارەت بەوەی چین بیر لەوە دەکاتەوە پشتیوانی کوشندە بۆ ڕووسیا دابین بکات بکات و بۆ وانگی ڕوون کردۆتەوە کە ئەوە " دەرەنجامێکی جددیی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانمان."
گوتی " چەندین پشتیوانی کوشندەی هەمەجۆر هەن کە ئەوان بیر دەکەنەوە دابینی بکەن، بە چەکیشەوە." ئاماژەشی بەوەدا واشنتن بەمزووانە وردەکاری زیاتر بڵاو دەکاتەوە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی چین هەوڵدەدات " بە هەردوو ئاڕاستەکەدا بڕوات "، لەلایەکەوە بانگەشەی ئەوە دەکات دەیەوێت یارمەتیدەر بێت لە ئاشتی و سەقامگیریدا و لەلایەکی دیکەشەوە و لە هەمان کاتدا هەنگاوی " نیگەرانکەر " دەگرێتەبەر بۆ پشتیوانیکردن لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.
بەرپرسەکە لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " وەزیر زۆر ڕوون بووە لە هۆشداریدان سەبارەت بە ئاڵۆزی و دەرەنجامەکانی ئەوەی ئەگەر چین پشتیوانی ماددی بۆ ڕووسیا دابین بکات یاخود یارمەتی ڕووسیا بدات لە خۆدزینەوە لە سزاکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو."
مانگی دووی ساڵی ڕابردوو بە ماوەیەکی کورت پێش ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا هێرش بکەنە سەر ئۆکرانیا، ڕووسیا و چین هاوبەشییەکی " بێ سنوورییان " لە نێوانیاندا واژۆ کرد، هەروەها پەیوەندییە ئابوورییەکەی نێوانیشیان پەرەی سەندووە لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ڕۆژئاوادا خراپ بوون.
ڕۆژئاوا بە وریاییەوە چاودێری وەڵامدانەوەی چین دەکات بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، هەندێک هۆشداری دەدەن لەسەر ئەوەی سەرکەوتنی ڕووسیا لەو جەنگەدا کردەوەکانی داهاتووی چین بەرامبەر تایوان ڕەنگ دەکات. چین خۆی بە دوور گرتووە لە سەرکۆنەکردنی جەنگەکە و تاوەکو ئێستا وەکو " داگیرکاری " ناوی نەبردووە.
پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بلینکندا، وانگ یی سەبارەت بەو باڵۆنە چینییەی کە ئەمەریکا خستییە خوارەوە گوتی " باڵۆنی زۆر هەن لە سەرانسەری جیهاندا، زۆرێک لە وڵاتانیش هەیانە. کەواتە ئایا ئەمەریکا هەموویان دەخاتە خوارەوە؟"
دوای ئەوەی ئەمەریکا باڵۆنە چینییەکەی خستە خوارەوە، چین بە توڕەییەوە وەڵامیدایەوە و وتی باڵۆنەکە بۆ مەبەستی کەش و هەوا بەکارهاتووە و با لە ئاڕاستەکەی لایبردووە. واشنتن وتی ئاشکرایە باڵۆنەکە باڵۆنێکی چاودێری بووە.
بلینکن لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئێن بی سی گوتی وانگ داوای لێبووردنی نەکردووە لەسەر گەشتی باڵۆنەکە بەسەر ئاسمانی ئەمەریکادا.
گوتی " زۆر بە سادەیی پێم وت ئەوە جێی قبوڵکردن نیە و هەرگیز نابێت دووبارە ببێتەوە."
گوتیشی " هیچ داوای لێبووردنێکی نەکرد." ئاماژەشی بەوەدا لەگەڵ وانگدا باسی لەوە نەکردووە کەی سەردانی چین دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز