Accessibility links

بلینکن لە لاتیڤیا بەشداری کۆبوونەوەیەکی ئاسایشی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە لاتیڤیایە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕابەرانی ئەو وڵاتە و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانێتی ناتۆدا، لەکاتێکدا هاوپەیمانێتیەکە نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا.

بلینکن سەرەتا لەگەڵ سەرۆکی لاتیڤیا ئیگلیس لێڤیتس و سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە کریسیانس کارینس و وەزیری دەرەوە ئێدگارس ڕینکێڤیکدا کۆدەبێتەوە، دواتریش بەر لە کۆبوونەوەکەی ناتۆ لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگدا کۆدەبێتەوە.

سەرۆکی لاتیڤیا ئیگلیس لێڤیتس دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆدا وتی بوونی هێزەکانی ڕوسیا فشارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئۆکرانیا، " ناتۆش بەردەوام پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات."

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵنتنبێرگ داوای لە ڕوسیا کرد گرژییەکان لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە.

وتی " هەر دوژمنکارییەکی داهاتووی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا باجێکی گەورەی دەبێت و دەرەنجامێکی مەترسیداری ئابووری و سیاسیی بۆ سەر ڕوسیا دەبێت."

مەبەستی سەرەکی لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ پێداچوونەوەیە بە سیاسەتی ستراتیژیی هاوپەیمانێتیەکە، دوایین جار 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو ستراتیژییە گۆڕا.

ستۆڵتنبێرگ وتی گرنگە دووبارە پێداچوونەوە بە ستراتیژییەکەدا بکەین، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی سروشتی ئەو هەڕەشانەوە کە ڕووبەرووی ناتۆ بوونەتەوە. وتی " جیهانەکەی ئێستا مەترسیدارترە."

ئاماژەی بەوەدا " ڕەفتارەکانی ڕوسیا دەبینین، هێرشە ئەلیکترۆنیەکان دەبینین، هەڕەشە تیرۆریستیەکان دەبینین، زۆربوونی چەکی ناوەکی دەبینین. هەروەها دەرەنجامەکانی ئاسایشی چین دەبینین کە ئێستا زیاتر و زیاتر بووەتە زلهێزێکی جیهان."

گفتوگۆکان لەکاتێکیشدا دێن هەریەک لە لیتوانیا و لاتیڤیا و پۆڵەندای ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکە، ڕووبەڕووی قەیرانی کۆچبەران بوونەتەوە لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ بێلاڕوسدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG