Accessibility links

بلینکن: ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە چالاکیەکانی ڕوسیا لەنزیک ئۆکرانیا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، 10 ی مانگی یانزەی 2021
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، 10 ی مانگی یانزەی 2021

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە جوڵە سەربازییەکانی ڕوسیا لەنزیک سنووری ئۆکرانیا.

دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبادا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بلینکن وتی " نیگەرانین سەبارەت بە هەواڵی چالاکیە نائاساییەکانی هێزە سەربازییەکانی ڕوسیا." ئاماژەشی بەوەدا " ئەمەریکا زۆر لەنزیکەوە چاودێری چالاکیەکانی ڕوسیا دەکات."

بلینکن وتی " وەکو هەمیشە بەردەوام دەبین لە ڕاوێژکارییەکانمان لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمان و هاوبەشەکانماندا، چونکە هەر زیادبوونی گرژییەک یاخود هەر کردەوەیەکی توندوتیژی دەبێتە هۆی نیگەرانیەکی گەورە بۆ ئەمەریکا."

وتیشی ئەمەریکا هەوڵ دەدات گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا کەم بکاتەوە.

هاوکات وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی سەبارەت بە چالاکیەکانی ڕوسیا لەنزیک سنووری ئۆکرانیا وتی " سەرنجی ئێمەی ڕاکیشاوە بەلای خۆیدا، هیچ گومانێک لەوەدا نیە."

کیربی وتی " ئەوەی بەردەوام دەیبینین چالاکیەکی سەربازیی نائاساییە لەناو ڕوسیادا بەڵام لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا و ئێمە هێشتا نیگەرانین سەبارەت بەوە. لە قەبارە و فراوانیەکەیدا نائاساییە."

وتیشی " بەدیاریکراوی ڕوون نیە نیازەکانی ڕوسیا چین، ئێمەش نامانەوێت هیچ کارێکی دیکە ببینین ببێتەهۆی ناسەقامگیری زیاتر لەو بەشەی جیهاندا کە خۆی لە خۆیدا گرژییەکی زۆری تێدایە."

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای داگیرکرد، دواتریش پشتیوانی لە هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کرد کە دژی حکومەتی ئۆکرانیا دەجەنگن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG