Accessibility links

بلینکن: ئۆکرانیا بڕیار دەدات لەسەر هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ ڕووسیادا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی دمیترۆ کوڵێبادا وتی ئۆکرانیا بڕیار دەدات لەسەر کات و ناوەڕۆکی چوارچێوەی هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ ڕووسیادا.

بلینکن لەگەڵ کوڵێبادا تاوتوێی " پابەندبوونی جێگیری ئەمەریکا کردووە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە کەمکردنەوەی مەترسی کاریگەریی هێرشەکانی ڕووسیادا بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیا، لە کاتێکدا کە زستان نزیک دەبێتەوە، لەوانەش خێراترکردنی یارمەتییە مرۆییەکان."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " وەزیر بلینکن جەختی لەوە کردۆتەوە کات و ناوەڕۆکی چوارچێوەی هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ ڕووسیادا بڕیاری ئۆکرانیا دەبێت."

هەفتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە تایبەتی هانی ڕابەرانی ئۆکرانیای داوە کراوەیی خۆیان بە ڕووی گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا پیشان بدەن و دەستبەرداری بڕیارەکەیان بن بۆ ڕەتکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتی تاوەکو ئەو کاتەی پوتن لەسەر دەسەڵات لادەبرێت.

ڕۆژنامەکە لە زاری چەند کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە بڵاویکردەوە داواکەی بەرپرسانی ئەمەریکا ئامانج لێی ئەوە نەبووە فشار بکەنە سەر ئۆکرانیا تاوەکو گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیادا بکات، بەڵکو هەوڵێکی هەژمارکراو بووە تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی کیێڤ پشتیوانییەکانی وڵاتانی دیکە بۆ خۆی بهێڵێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەدا، کوڵێبا و بلینکن جەختییان لە گرنگی نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا کرد لە ڕێی دەریای ڕەشەوە، کە هەفتەی داهاتوو ماوەکەی بەسەردەچێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەپێی ڕێککەوتنەکە کە لە مانگی حەوتدا بە نێوەندگری نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا واژۆ کرا، 10 ملیۆن تەن گەنم و ماددە خۆراکییەکانی دیکە لە ڕێی دەریای ڕەشەوە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە هەناردەی دەرەوە کراون، ئەوەش یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا. ڕۆژی شەممە ڕووسیا وتی هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک نیە بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، دووبارە جەختی لە داواکەی خۆی کردەوە بۆ لابردنی بەربەستەکان لەبەردەم هەناردەکردنی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی خۆیدا بۆ بازاڕەکانی جیهان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG