Accessibility links

بلینکن گەواهی دەدات لەسەر کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕازیبووە هەفتەی داهاتوو لەبەردەم لیژنەیەکی کۆنگرێسی وڵاتەکەدا کە لێکۆڵینەوە لە کشانەوە سەربازییە بێسەروبەرییەکەی ئەمەریکا دەکەن لە ئەفغانستان، گەواهی بدات.

یاسادانەرە کۆمارییەکان و هەندێک لە دیموکراتەکانیش ڕەخنەی توندیان گرتووە لە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئەمەریکی و هەزاران کەس لەو ئەفغانیانەی کە یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکایان داوە لە ئەفغانستان.

دوای ئەوەی 13 سەربازی ئەمەریکی لە کردەوەیەکی خۆکوژیدا لە فڕۆکەخانەی کابوڵ کوژران، ڕەخنەکان توندتر بوونەتەوە.

بلینکن ڕازی بووە ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتدا گەواهی بدات، سەرەڕای ئەوەی لیژنەکانی دیکەی کۆنگرێسیش پێدەچێت بە هەمان شێوە لێکۆڵینەوە لە کشانەوەکە بکەن.

واپێشبینی دەکرێت بلینکن ڕووبەڕووی پرسیاری قورس ببێتەوە سەبارەت بەوەی ئەمەریکا بۆچی زووتر دەستی نەکرد بە گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بەتایبەتی لەمانگی چوارەوە کاتێک بایدن پلانەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاند.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کشانەوەکەی " بە سەرکەوتنێکی گەورە " ناودێر کرد و داکۆکی لە بڕیارەکەی کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG