Accessibility links

بلینکن: ئەمەریکا هیچ بەڵگەیەک نابینێت لەسەر ئەوەی ڕووسیا بیەوێت کۆتایی بە دوژمنکارییەکەی لە ئۆکرانیا بهێنێت


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت ئەمەریکا بیر لە هەموو ئامرازەکان دەکاتەوە بۆ بەرەوپێشەوە بردنی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕووسیادا، ئەگەر دەرفەتێک ببینێت. بەڵام لە ئێستادا مۆسکۆ هیچ نیشانەیەکی دەرنەخستووە لەسەر ئەوەی بیەوێت گفتوگۆیەکی مانادار ئەنجام بدات.

بلینکن لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی کاثرین کۆلۆنادا گوتی " دوور لەوەی بیەوێت گفتوگۆیەکی ماناداری دیبلۆماسی ئەنجام بدات، سەرۆک پوتن بەردەوامە لە گرتنەبەری ئاڕاستە پێچەوانەکە."

گوتیشی " ئەگەر دەرفەتێک ببینین بۆ بەرەوپێشچوون ئەوا بیر لە سەرجەم ئامرازەکان دەکەینەوە بۆ بەرەوپێش بردنی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕووسیادا، بێگومان دەرفەتەکە دەقۆزینەوە." بەڵام ئاماژەی بەوەدا لە جیاتی ئەوە مۆسکۆ دوژمنکارییەکەی " دوو هێندە و سێ هێندە کردووە."

لەم هەفتەیەدا ڕووسیا هێرشە موشەکییەکانی و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ سەر ژێرخانەکانی کارەبا و ئاوی ئۆکرانیا چڕتر کردەوە، ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا بە هەڵمەتێک ناوییان برد بۆ تۆقاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی پێش هاتنی سەرمایەی زستان.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ڕووسیا دەیەوێت لەگەڵ ئەمەریکا یاخود تورکیادا گفتوگۆ بکات لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، بەڵام وتیشی هێشتا هیچ پێشنیارێکی جددییان بۆ گفتوگۆکردن بەدەست نەگەیشتووە.

بلینکن و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا چەند جارێک ئاماژەیان بەوەداوە کە ڕووسیا گرنگی بە دیپلۆماسییەکی مانادار نەداوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆدا کردووە. ئۆستن لە پەیوەندییەکەدا جەختی لە گرنگی پاراستنی هێڵەکانی پەیوەندی کردۆتەوە لە نێوەندی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا.

پوتن لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا دەسەڵاتی فەرمانڕەوای هەرێمەکانی ڕووسیای زیاد کرد و فەرمانی کرد بە دروستکردنی ئەنجومەنێکی هەماهەنگی بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیری ڕووسیا میخایل میشوستین بۆ پشتیوانیکردن لە " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی " لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG