Accessibility links

بلینکن: نزیکەی 1500 هاوڵاتی ئەمەریکی هێشتا لە ئەفغانستان ماون


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی هێشتا نزیکەی 1500 هاوڵاتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ماونەتەوە، ئاماژەشی بەوەدا حکومەتی ئەمەریکا لە پەیوەندیدایە لەگەڵیاندا یاخود ڕێنمایی پێداون چۆن بگەنە فڕۆکەخانەی کابوڵ.

بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی تاوەکو ئێستا واشنتن 4,500 هاوڵاتی ئەمەریکی و خێزانەکانیانی گواستۆتەوە، ئەمە لەکاتێکدا چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ ئەو وادەیەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دایناوە بۆ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

بلینکن وتی کاتێک ئەرکەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان دەستیپێکرد، نزیکەی 6000 هاوڵاتی ئەمەریکی لە ئەفغانستان بوون و دەیانویست وڵاتەکە جێبهێڵن. وتیشی بەرپرسانی ئەمەریکا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لەگەڵ 500 کەس لەوانەی هێشتا لە ئەفغانستان ماونەتەوە لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدا بوون، هەروەها ڕێنماییان کردوون چۆن بگەنە فڕۆکەخانەی کابوڵ.

وتیشی " بۆ ئەو 1000 کەسەی دیکە، کە پێدەچێت ئەمەریکی بن و لە هەوڵدا بن ئەفغانستان جێبهێڵن، لەڕێی کۆمەڵێک کەناڵی پەیوەندییەوە ڕۆژانە چەند جارێک پەیوەندییان پێوەدەکەین."

چەند ڕۆژێکە بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن کۆشش دەکات تاوەکو ژمارەیەکی دیاریکراوی ئەو ئەمەریکیانەی ئەفغانستانیان جێهێشتووە و ئەوانەشی ماونەتەوە ئاشکرا بکات، بەڵام ئێستا کە بلینکن ژمارەکانی ڕاگەیاند، وتی ئەو ژمارانە لەوانەیە لە ماوەی کاتژمێرێکدا بگۆڕدرێن.

وتی " لەم لیستی 1000 کەسە، باوەڕمان وایە ژمارەی ئەو ئەمەریکیانەی چالاکانە هەوڵ دەدەن یارمەتی بدرێن لە جێهێشتنی ئەفغانستان لەو ژمارەیە کەمترە، زۆر کەمترە."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا لەو 82,000 هاوڵاتیەی تاوەکو ئێستا گواستراونەتەوە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون.

بلینکن جەختیشی لەوە کردەوە هیچ وادەیەکی دیاریکراو نیە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن، ئەمەریکیەکان و ئەوانی دیکەش. هەروەها وتی ئەمەریکا سەرجەم ئامڕازە دیبلۆماسی و ئابوورییەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی تەنانەت دوای 31 ی مانگی هەشتیش ئەو کەسانە بگوازێتەوە کە دەیانەوێت وڵاتەکە جێبهێڵن.

بەڵام بلینکن هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەدا ئەمەریکا چۆن دەتوانێت لە دوای 31 ی مانگی هەشتەوە خەڵکەکە بگوازێتەوە بەبێ بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانان زیاتر لە 88,000 کەسیان گواستۆتەوە، 19,000 کەسیان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بوون. سوپای ئەمەریکا دەڵێت لە هەر 39 خولەکێکدا فڕۆکەیەک بەڕێدەکەوێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG