Accessibility links

بلینکن داوای گەڕانەوەی دیموکراسییەکی کراوە و ڕاستەقینە دەکات لە میانمار


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوا لە دەستەی سەربازی حکومداری میانمار دەکات وڵاتەکە بگەڕێننەوە سەر ئاڕاستەی " دیموکراسییەکی کراوە و ڕاستەقینە."

ئەم داوایەی بلینکن لە ساڵیادی سەرکەوتنی حیزبی یەکێتی دیموکراسی نیشتیمانی میانماردا دێت کە ساڵێک لەمەوبەر لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و حکومەتێکی مەدەنییان پێکهێنا و دواتر لەلایەن سوپاوە دوورخرانەوە.

لە 8 ی مانگی یانزەی ساڵی 2020 دا حیزبی یەکێتی دیموکراسی نیشتیمانی میانمار لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا لە کۆی 498 کورسی 396 کورسییان بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی زۆر سەرکەوتن بەسەر حیزبی یەکێتی و هاوکاری سەر بە سوپادا، بەمەش حکومەتێکی مەدەنی دیموکراسی لە میانمار پێکهات و سوپای وڵاتەکە بە فەڕمی دەستبەرداری حکومدارییەکەی بوو، کە ماوەی چەند دەیەیەک حکومدارییەکی دیکتاتۆرییان لە وڵاتەکەدا پەیڕەو دەکرد.

بەڵام سێ مانگ دواتر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پشتگوێ خران و سوپای وڵاتەکە لە 1 ی مانگی دووی ساڵی 2021 دا کودەتایەکی سەربازی بەسەر حکومەتە مەدەنیەکەی میانماردا کرد و کۆمەڵێک لە بەرپرسەکانی دەستگیرکرد، لەوانەش ئونگ سان سو کی کە ڕابەرایەتی حکومەتەکەی دەکرد و هەروەها سەرۆکی وڵاتەکە وین مینتیش زیندانیکرا.

سوپا بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی 8 ی مانگی یانزە ساختەکارییان تێدا کراوە، ئەم بانگەشەیەش لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی میانمارەوە ڕەت کرایەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی " کودەتاکەی 1 ی مانگی دوو و بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سەرەکییەکانی زیاتر خستۆتە مەترسییەوە و پێشکەوتنەکانی دە ساڵی بەرەو دیموکراسیەت پێچەوانە کردەوە."

وتیشی " شانازی بە گەلی بورماوە دەکەین کە کۆشش دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا لە وڵاتەکەیاندا، بەو زیاتر لە 1300 بێتاوانەشەوە کە ژیانی خۆیان لەو پێناوەدا بەخت کردووە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG