Accessibility links

بلینکن گومانی هەیە لەوەی ئیسڕائیل پێش گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر ڕەفەح


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە وتی گومانی هەیە لەوەی ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر ڕەفەح پێش گفتوگۆ نوێیەکانی هەفتەی داهاتوو لە واشنتن.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ڕێکەوتێک داندراوە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح. بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە بنەبڕکردنی حەماس، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر زیاتر لە 1.5 ملیۆن فەلەستینی کە ڕەفەحی باشووری غەززەیان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە.

بلینکن وتی ئیسڕائیل بە ئەمەریکای نەوتووە کەی ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕەفەح دەستپێدەکات و هەفتەی داهاتوو شاندێکی ئیسڕائیلی سەردانی واشنتن دەکەن و گوێبیستی نیگەرانییەکانی ئەمەریکا دەبن.

بلینکن لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەیڤد کامیرۆندا وتی " پێشبینی ناکەم هیچ کارێک بکرێت پێش ئەو گفتوگۆیانە."

وتی ئەمەریکا جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە لە ڕەفەح " زۆر مەترسیدار دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کە لەوێن و گیرییان خواردووە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG