Accessibility links

بلینکن داکۆکی لە کشانەوەی ئەمەریکا دەکات لە ئەفغانستان


لە دانیشتنێکی لیژنەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێسدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و داکۆکی لە کشانەوەی ئەمەریکا کرد لەو وڵاتەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە گەواهیدانەکەیدا لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا وتی ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن درێژەی بە جەنگی ئەفغانستان بدایە ئەوا " پێویست بوو هێزی زیاتری ئەمەریکا ڕەوانەی ئەفغانستان بکرێت تاوەکو بەرگری لە خۆمان بکەن و ڕێگە بە تاڵیبان نەدەین کۆنتڕۆڵی وڵاتەکە بکاتەوە و ئەوەش قوربانی لێدەکەوتەوە، بێگومان بەوشێوەیە کێشەکە دووبارە دەبۆوە و بەدڵنیاییەوە لە ئەفغانستان گیرمان دەخوارد و لەژێر تەقەدا دەبووین."

بلینکن وتیشی " هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی مانەوەی زیاتری ئێمە هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان یاخود حکومەتی ئەفغانستانی بەهێزتر دەکرد. ئەگەر 20 ساڵ و سەدان ملیاران دۆلار لە پشتیوانی و دابینکردنی کەلوپەل و مەشق پێدان سوودی نەبووبێت، بۆچی ساڵێکی دیکە یاخود پێنج یان 10 ساڵی دیکە سوودی دەبێت" ؟

چەکدارانی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانیان کردەوە لەکاتێکدا سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە ئەشرەف غەنی هەڵهات بۆ ئیماڕات. لە دوایین ڕۆژەکانی مانگی هەشتدا ئەمەریکا 124,000 هاوڵاتی لە فڕۆکەخانەی کابوڵەوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە گواستەوە، زۆرینەیان ئەفغانی بوون و 5,500 کەسیشیان ئەمەریکی بوون. نزیکەی 100 هاوڵاتی ئەمەریکیش لە ئەفغانستان بەجێمان.

هەندێک لەو هاوڵاتیە ئەمەریکیانەی کە لە ئەفغانستان مابوونەوە توانیویانە لە وڵاتەکە بێنە دەرەوە، ئەویش لەڕێی گەشتی ئاسمانی یاخود خاڵە سنووریەکانەوە، هاوکات تاڵیبانیش ڕێگەیداوە ئەو هاوڵاتیانە وڵاتەکە جێبهێڵن. بەڵام بلینکن وتی لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە نزیکەی 100 ئەمەریکی هێشتا لە ئەفغانستان ماونەتەوە.

بلینکن ئاماژەی بەوەدا بەرپرسانی ئەمەریکا پێشبینی ئەوەیان نەکردبوو حکومەتی ئەفغانستان بەو خێراییە بڕووخێت، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە تاڵیبان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا پێشڕەوی دەکرد.

بلینکن وتی " تەنانەت ڕەشبینترین هەڵسەنگاندن پێشبینی ئەوەی نەدەکرد هێزەکانی حکومەت لە کابوڵ بڕووخێن لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا هێشتا لەوێ مابوون."

سەرەڕای ئەوەی گواستنەوەی هاوڵاتیان کۆتایی پێهاتووە، بلینکن ئاماژەی بەوەدا " ماندونەناسانە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ گواستنەوەی هەر هاوڵاتیەکی ئەمەریکی و ئەفغانی و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانیش کە بیانەوێت وڵاتەکە جێبهێڵن."

بلینکن وتی " وەکو ئەوەی بەدرێژایی مێژوو کردوومانە، ئەمەریکیەکان ئێستا پێشوازی لە خێزانە ئەفغانیەکان دەکەن بۆ ناو کۆمەڵگەکەمان و یارمەتیان دەدەن لە دەستپێکردنی ژیانە نوێیەکەیاندا. ئەوەش شتێکە کە دەبێت شانازی پێوە بکەیت."

لەلای خۆیانەوە ئەندامانی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە کۆنگرێس پرسیاری سەختیان ئاڕاستەی بلینکن کرد و لێدوانی توندییاندا لەسەر کشانەوەکە، هەروەها پێشبینی دەکرێت ڕۆژی سێشەممە بلینکن ڕووبەڕووی هەمان پرسیار و قورسایی ببێتەوە کاتێک دەچێتە بەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سینات.

نوینەرانی کۆمارییەکان و هەندێک لە دیموکراتەکانی هاوپەیمانی بایدن ڕەخنەیان لە چۆنێتی مامەڵەکردنی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن گرتووە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوڵاتیانی ئەمەریکی و هەزاران لەو هاوڵاتیە ئەفغانیانەی کە لە ماوەی جەنگی ئەفغانستاندا یارمەتی هێزەکانی ئەمەریکایان داوە.

سەرۆکی لیژنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، گریگۆری میکس وتی " هاتنە دەرەوە لە ئەفغانستان هەرگیز ئاسان نەبووە." بەڵام وتیشی " ئەم جەنگە دەبوو 19 ساڵ لەمەوبەر کۆتایی پێبهێندرایە." دوای ئەوەی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی توانی تاڵیبان لەسەر دەسەڵات لاببات.

نوێنەری باڵای کۆمارییەکان لە لیژنەکە مایکڵ مککاوڵ وتی کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان " کارەساتێکە کە ناتوانرێت مەترسییەکانی کەم بکرێنەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەدا زۆرێک لە ئەندامانی ئەو حکومەتەی ئێستا ئەفغانستان بەڕێوەدەبات پێشتر تیرۆریست بوون و لە گرتووخانەی گوانتانامۆ بەی لە کوبا زیندانیکراون.

نوێنەرێکی دیکەی کۆمارییەکان ستیڤ چابۆت وتی " ئەفغانستان جارێکی دیکە بووە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ تیرۆریستان."

چابۆت وتی " بەڵێ، زۆرینەی ئەمەریکیەکان دەیانویست ئەمەریکا ئەفغانستان جێبهێڵێت، بەڵام بەم شێوەیە نا."

نوێنەرێکی دیموکراتەکان براد شێرمان لۆمەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی کرد لەسەر ئەوەی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ تاڵیباندا ڕێکەوت لە یەکی مانگی پێنجدا سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێنەوە، بەبێ ئەوەی پلانێکی چالاکی هەبووبێت. شێرمان پرسیاری لە بلینکن کرد سەبارەت بەوەی ئایا بەڕێوبەرایەتیەکەی پێشووی ئەمەریکا هیچ وردەکارییەک یاخود پلانێکی لەسەر چۆنێتی کشانەوەکە ڕادەستی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن کردووە یاخود نا.

بلینکن لە وەڵامدا وتی " ئێمە ماوەی کۆتایی کشانەوەکەمان بۆ مایەوە. هیچ پلانێکمان پێنەوتراوە."

لە ماوەی دوو ڕۆژی گەواهیدانەکەیدا، واپێشبینی دەکرێت بلینکن پرسیاری ئەوەی لێبکرێت بۆچی ئەمەریکا گواستنەوەی هاوڵاتیانی لە ئەفغانستان زووتر دەستپێنەکرد، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە بایدن لە مانگی چواردا ڕایگەیاند لە ئەفغانستان دەکشێتەوە وەکو ڕێزێک بۆ ڕێکەوتنەکەی ترامپ لەگەڵ تاڵیباندا بۆ کۆتای هێنان بە جەنگ و کشانەوەی هێزەکان لەو وڵاتەدا.

جێی ئاماژەیە کۆمارییەکان دەیانەوێت لە پرسیارەکانیاندا سەنگ بخەنە سەر ڕەفتارەکانی بایدن لە دوایین هەفتە و ڕۆژەکانی جەنگی ئەفغانستاندا، هاوکات دیموکراتەکان هیوادارن هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ جەنگەکە بکرێت کە چوار سەرۆکی ئەمەریکا یەک لە دوای یەک سەرپەرشتیان کردووە، جۆرج بوش و ترامپی کۆمارییەکان، ئۆباما و بایدنی دیموکراتەکان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG